وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئێسپەر دەڵێت وڵاتەکەی هیوادارە لەگەڵ چیندا کاربکات تاوەکو وای لێبکات ڕێز لە یاسا جیهانیەکان بگرێت.
ئێسپەر وتی چین پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانیەوە بۆ پابەندبوون بە یاسا و ڕێسا و بەها نێودەوڵەتیەکانەوە، ئەوەشی خستەڕوو پەکین دەیەوێت هێزی خۆی پیشانی جیهان بدات.
ئیسپەر وتیشی " وەکو پشتیوانیەک لە خشتەی کارەکانی حیزبی شیوعی چینی، سوپای چین بەردەوامە لە پلانی نوێکردنەوەی سوپاکە تاوەکو بگاتە ئاستێکی جیهانی."
باسی لەوەش کرد " ئەمەش بێگومان هەڵسوکەوتی وروژێنەری لێدەکەوێتەوە لە دەریای باشوور و ڕۆژهەڵاتی چین و هەر شوێنێکی دیکە کە حکومەتی چین بە گرنگی بزانێت بۆ بەرژەوەندییەکانی."
وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاماژەشی بەوەدا لە هەمان کاتدا کە ئەمەریکا هەوڵ دەدات بەرپەرچی چین بداتەوە " دەشیەوێت بەردەوام بێت لەکارکردن لەگەڵ کۆماری گەلی چیندا تاوەکو بیگەڕێنێتەوە سەر ئەو ئاڕاستەیەی کە لەگەڵ یاسا جیهانیەکاندا دەگونجێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز