Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا داوا لە تورکیا دەکات چیتر بەربەست نەخاتە بەردەم پلانە بەرگرییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ


وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئێسپەر داوای لە تورکیا کرد چیتر بەربەست نەخاتە بەردەم پلانەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ بەرگریکردن لە وڵاتانی بەڵتیک و پۆڵەندا، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەنقەرە فشاری خستۆتە سەر ناتۆ تاوەکو پشتگیری لە شەڕەکەی بکەن دژ بە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد.

ئێسپەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز پێش کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ هۆشیاریدایە تورکیا و وتی " ئەو هەڕەشانە نابینین کە ئەوان دەیبینن." ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا پشتیوانی لەوە ناکات یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریست بناسرێت.

هەروەها داوای لە ئەنقەرە کرد سەنگ بخاتە سەر کێشە گەورەکانی دیکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ.

لە لێدوانێکیدا وتی " پەیامی ئێمە بۆ تورکیا ئەوەیە پێویستمان بەوەیە کە بەرەو پێشەوە بڕۆین لە پلانەکانماندا و ناکرێت ئەم پلانانە بەهۆی ترسی تایبەتی تورکیا خۆیەوە ڕابگیردرێن."

وتیشی " یەکگرتوویی هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئامادەبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ مانای ئەوەیە کە دەبێت سەنگ بخەنە سەر بابەتی گەورەتر. گەورەترین بابەت ئامادەیی هاوپەیمانێتی ناتۆیە. هەمووان ئامادە نین بۆ پەسەندکردنی ئەجێندای ئەوان. ئێمە هەموومان ئەو هەڕەشانە نابینین کە تورکیا دەیبینێت."

جێی ئاماژەیە تورکیا دەیەوێت هاوپەیمانێتی ناتۆ پشتگیری لێبکات لە شەڕیدا دژ بە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد و وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناودێری بکەن، هاوکات هاوپەیمانێتی ناتۆ پلانی بەرگریکردنی هەیە لە وڵاتانی بەڵتیک و پۆڵەندا و دەیەوێت بەرگرییەکانی لەو وڵاتانەدا زیاتر بکات و ئامادە بن بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی ڕوسیا بۆ سەر ئەو ناوچانە.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پێش کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە لەندەن وتی تورکیا دژایەتی پلانی بەرگری هاوپەیمانێتیەکە دەکات لە وڵاتانی بەڵتیک ئەگەر هاوپەیمانێتیەکە دان بەوەدا نەنێت کە ئەنقەرە شەڕ لەگەڵ گروپێکی تیرۆریستیدا دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG