Accessibility links

تورکیا داوا لە سعودیە دەکات ئاشکرای بکات کێ بکوژانی خاشقچی ناردووە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی جێگری گشتی تورکیا کە کار لەسەر دۆسییەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی دەکات داوای لە جێگری گشتی سعودیە کردووە ئاشکرای بکات کێ ئەو تیمەی ناردووە کە دەستیان هەبووە لە کوشتنی خاشقچیدا.

جێگری گشتی سعودی سعود موعجەب ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە لەگەڵ هاوتا تورکییەکەیدا کۆبۆوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆسییەی کوشتنی خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی سعودیەدا لە ئیستەنبوڵ.

لە سەرەتاوە ڕیاز وتی ئاگاداری دیارنەمانی خاشقچی نیە، بەڵام موعجەب وتی کوژرانی خاشقچی پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە.

سعودیە دەڵێت 18 گومانلێکراویان دەستگیرکردووە و دادگایی دەکرێن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی تورکیا چەند جارێک داوای لە سعودیە کردووە ئەو گومانلێکراوانەی ڕادەست بکات تاوەکو لە تورکیا دادگایی بکرێن.

ئەردۆگان لە پەرلەمانی تورکیادا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دوێنێ جێگری گشتی تورکیا بە جێگری گشتی سعودیەی وت دادگاییەکە دەکرێت لە تورکیا ئەنجام بدرێت بەپێی ئەوەی کە ئەو تاوانە لە ئیستەنبوڵ ئەنجامدراوە."

پێویستە لەسەر سعودیە ئاشکرای بکات کێ ئەو پانزە سعودیەی ناردووە بۆ ئیستەنبوڵ بۆ کوشتنی خاشقچی، هەروەها ئەو کەسەش کە یارمەتی داون لە ونکردنی لاشەکەدا.

ئەردۆگان وتی " جێگری گشتی تورکیا پرسیاری کردووە سەبارەت بەوەی کێ ئەو کۆمەڵەیەی ناردووە بۆ ئێرە و پێویستە لێکۆڵینەوە لەوە بکرێت، پێویستە لەسەر بەرپرسانی سعودی هاوکارە ناوخۆییەکان ئاشکرا بکەن، پێمان بڵێن کێیە ئەم کەسە و ئێمەش دەیدۆزینەوە."

وتیشی " ناتوانین ئەم بابەتە بەبێ چارەسەر واز لێبێنین و دەبێت ئێستا چارەسەری بکەین."

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ داوای لە سعودیە کرد بەزووترین کات لێکۆڵینەوەکان تەواو بکەن.

وتی " دەبێت ڕاستی ئاشکرا بکرێت. پێمان وایە سەردانەکەی موعجەب زۆر گرنگە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستیەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG