Accessibility links

ئەردۆگان دەڵێت لەنزیکەوە چاودێری بابەتی دیارنەمانی خاشقچی دەکات


جەمال خاشقچی
جەمال خاشقچی

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی لەنزیکەوە چاودێری بابەتی دیارنەمانی ڕۆژنامەنووسە سعودیەکە جەمال خاشقچی دەکات دوای ئەوەی بەرپرسانی تورکی وتیان پێیان وایە لەنێو کونسوڵخانەی سعودیەدا لە ئیستەنبوڵ کوژراوە.

ئەردۆگان بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەرپرسانی تورکی سەیری هەموو تۆماری کامێرا چاودێرییەکان و تۆمارەکانی فڕۆکەخانەکان دەکەن لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیاندا سەبارەت بە دیارنەمانی خاشقچی، کە وەکو ڕۆژنامەنووسێک ڕەخنەیەکی زۆری لە فەرمانڕەواکانی سعودیە دەگرت.

جێی ئاماژەیە پێشتر خاشقچی سەرنووسەری ڕۆژنامەی وەتەن بووە و ڕاوێژکاری پێشووی هەواڵگری سعودیە بووە. ساڵی ڕابردوو سعودیەی بەجێهێشت و وتی لەوە دەترسێت بەرپرسانی سعودیە تۆڵەی لێبسەننەوە بەهۆی ئەوەی کە ڕەخنەی لە سیاسییەکانی سعودیە گرتووە لە جەنگی یەمەن و کەمپینەکەیاندا دژی ئۆپۆزسیۆن.

ڕۆژی سیشەممە خاشقچی چووە ناو کونسوڵخانەی سعودیەوە لە ئیستەنبوڵ تاوەکو بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییەکەی دوایی دەست بکەوێت. بەرپرسانی سعودی دەڵێن دوای ماوەیەکی کەم کونسوڵخانەکەی بەجێهێشتووە، بەڵام دەستگیرانەکەی کە لە دەرەوەی کونسوڵخانەکە بووە و چاوەڕێی خاشقچی کردووە وتی ئەو نەهاتۆتەوە دەرەوە.

دوو سەرچاوەی تورکی بە ڕۆیتەرزیان وت بەرپرسانی تورکیا پێیان وایە خاشقچی لەناو کونسوڵخانەکەدا کوژراوە، ئەوەش هەمان ڕاوبۆچوونی یاسین ئەکتای ڕاوێژکاری ئەردۆگان و یەکێک لە هاوڕێکانی خاشقچیە.

ئەکتای وتی " هەست دەکەم ئەو لە ناو کونسوڵخانەکەدا کوژراوە."

ئەردۆگان ئاماژەی بەوەدا لەنزیکەوە خۆی چاودێری بابەتەکە دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە بابەتەکە بدرکێنێت.

وتیشی " دەرگای چوونە ناوەوە و چوونە دەرەوەی کونسوڵخانەکە و ترانزێتەکانی فڕۆکەخانە و هەموو تۆماری کامێرا چاودێرییەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت، دەمانەوێت بەخێرایی ئەنجاممان دەست بکەوێت." وتیشی " پێشبینییەکانم هێشتا ئەرێنین." بەڵام نەیوت مەبەستی چی بووە.

سەرچاوەیەکی سعودی لە ناو کونسوڵخانەکەوە ڕەتی دەکاتەوە خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەکەدا کوژرابێت، لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکیان نیە. هەروەها کونسوڵخانەکەش ڕەتی کردەوە خاشقچی ڕفێندرابێت.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی تورکی وتی کۆمەڵێک کە لە 15 سعودی پێکهاتبوون و لەنێویاندا هەندێک بەرپرسی تێدابووە لە هەمان ڕۆژدا کە خاشقچی لە کونسوڵخانەکە بووە بە دوو فڕۆکە هاتوون و چوونەتە ناو کۆنسوڵخانەکەوە و دواتر تورکیایان بەجێهێشتووە.

سەرچاوەکە وتیشی بەرپرسانی تورکی هەوڵدەدەن ناسنامەی ئەو خەڵکانە بدۆزنەوە، دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆش بە هەمان شێوە بڵاویکردەوە کۆمەڵێک سعودی بۆ ماوەیەکی کەم چوونەتە کونسوڵخانەکەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG