Accessibility links

ئەردۆغان: ئەوروپاییەکان چیتر ناتوانن بە سەلامەتی بە جادەکاندا بڕۆن ئەگەر لەسەر هەڵوێستیان بەردەوامبن


سەرۆکی تورکیا ئەوروپاییەکانی ئاگادارکردەوە کە ڕەنگە چیتر نەتوانن بە پارێزراوی بە جادەکانی جیهاندا هاتوچۆ بکەن ئەگەر بەردەوامبن لەو هەڵوێستیان بەرامبەر تورکیا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە ئەنقەرە وتی" تورکیا وڵاتێک نییە یاری پێبکرێت، وڵاتێک نییە بتوانرێت هاوڵاتیانی لەسەر جادە ڕابکێشرێن."

پاشان وتی" ئەگەر ئەوروپا بەم شێوەیە بەردەوامبێت، هیچ ئەوروپاییەک لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا ناتوانێت بە سەلامەتی بە جادەکاندا بڕوات. ئەوروپا بەمە زیانی لێدەکەوێت، وەک تورکیا داوا لە ئەوروپا دەکەم ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی بگرێت."

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا لەم هەفتانەی دوایی گرژییەکی زۆری تێکەوت دوای ئەوەی لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا ڕێگە بە وەزیرانی تورکیا نەدرا وتاری پشتیوانی لە هەموارکردنی دەستوری تورکیا پێشکەشی ڕەوەندی تورکی بکەن.

ئەنقەرە ئەم هەڵوێستەی ئەوروپاییەکانی بە هاوشێوەی ڕەفتاری نازییەکان ناودێرکرد و دەڵێت ڕێگە بە ئازادی ڕادەربڕین نادەن.

لە لایەکی دیکە فرانک ڤالتەر شتاینمایەر ڕۆژی چوارشەممە لە یەکەم وتاریدا وەک سەرۆکی ئەڵمانیا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕەخنەی توندی لە سەرۆکی تورکیا گرت و وتی"بوەستە لە بەراوردکردن لەگەڵ نازیسمیدا، پەیوەندی مەبڕە لەگەڵ ئەوانەی هاوبەشییان لەگەڵ تورکیا دەوێت، ڕێز لە سەروەری یاسا و ئازادی ڕۆژنامەگەری بگرە و دێنیز یوجەل ئازادبکە."

دێنیز یوجەل پەیامنێری ڕۆژنامەی Die Welt ی ئەڵمانیە، لە مانگی دووەوە لە تورکیا دەستگیرکراوە بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە بۆ ڕێکخراوێکی تێرۆرستی. ئەنقەرە دەڵێت دێنیز ڕۆژنامەوان نییە بەڵکو بەکرێگیراوێکی تێرۆرستە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG