سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت هەوڵ دەدات پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا چاک بکاتەوە. ئەو دەشڵێت تورکیا فشاری لەسەرە تا ژمارەی دوژمنەکانی کەم بکاتەوە و دۆست بۆ خۆی زیاد بکات.
ڕۆژنامەی حورییەتی تورکیا پێنجشەمە لێدوانەکانی ئەردۆغانی بڵاو کردۆتەوە کە ڕێبەرانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بەلجیکای وەکو دۆستی دێرین ناودێر کردووە و دەڵێت لە پەیوەندیەکانی ئەم دواییەدا بۆی دەرکەوتووە کە ئەوان تورکیایان خۆش دەوێت و دژی بڕیارە مشتومڕلەسەرەکەی ئەمەریکان بۆ دانپیانانی ئورشەلیم وەکو پایتەختی ئیسرائیل.
ئەردۆغان لە دەمی گەڕانەوەیدا لە گەشتەکەی ئافریکا بە ڕۆژنامەوانانی گوت" ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەڵمانیا یان هۆڵەندا و بەلجیکا نییە و ئەم هێزانە دۆستی دێرینی ئێمەن . هەرچەندە ئەمانە ستمەیان لێ کردووم بەڵام ئەمە کێشەیەکی ترە."
پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت پاش ئەوەی کە ئەو وڵاتانە ڕێگەیان لە وەزیرەکانی حکومەتی تورکیا گرت هەڵمەتی سیاسی لە وڵاتەکانیاندا ئەنجام بدەن که بۆ گۆڕینی دەستوور لە ڕیفراندۆمی وڵاتەکە پشتیوانی بکهن.