ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی " چیتر سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسۆتاکیس بوونی نیە بۆ من "، هەروەها سەرۆک وەزیری یۆنانی تۆمەتبار کرد بەوەی لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا هەوڵیداوە ڕێگە لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف – 16 بگرێت بە تورکیا.
ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی حکومەتەکەی وتی " ئێمە ڕێکەوتبووین لەسەر ئەوەی وڵاتانی سێیەم نەهێنینە ناو ناکۆکییەکانمانەوە، هەفتەی ڕابردوو ئەو ( سەرۆک وەزیری یۆنان ) سەردانی ئەمەریکای کرد و لەگەڵ کۆنگرێسدا قسەی کردووە و هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی ئەمەریکا فڕۆکەی ئێف – 16 بە ئێمە نەفرۆشێت."
وتی " ئەو چیتر بوونی نیە بۆ من. هەرگیز جارێکی دیکە ڕازی نابم لەگەڵیدا کۆببمەوە. لەڕێی سیاسەتمەدارە بەڕێزەکانمانەوە لە ڕێگەکەمان بەردەوام دەبین."
تورکیا و یۆنان کە هەردووکیان ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، لە کۆمەڵێک بابەتدا ناکۆکییان هەیە، لەوانەش سنووری ئاوی و ئاسمانی نێوان دوو وڵاتەکە و مەودای ڕەفە کیشوەرییەکانیان و و قوبرس کە لەڕووی نەتەوەوە دابەش بووە.
لەمیانەی سەردانەکەی هەفتەی ڕابردوویدا بۆ ئەمەریکا، سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسۆتاکیس لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا کۆبۆوە، میتسۆتاکیس وتی یۆنان دەست دەکات بە پڕۆسەی کڕینی فڕۆکەی جەنگی ئێف – 35 ی ئەمەریکا تاوەکو ساڵی 2030.
دوابەدوای لێدوانەکانی ئەردۆغان، وتەبێژی حکومەتی یۆنان گیانیس ئۆیکۆنۆمۆو وەڵامیدایەوە و بەرگری لە مافەکانی یۆنان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی کرد و وتی سیاسەتی دەرەوەی یۆنانیش لە هاوپەیمانێتییەکانیەوە سەرچاوەی گرتووە.
وتەبێژەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " ناچینە مشتومڕەوە لەگەڵ سەرکردایەتی تورکیادا. سیاسەتمان سیاسەتی بنەماکانە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز