Accessibility links

ئەردۆغان داوا لە پوتن دەکات ئاگربەست لە ئۆکرانیا ڕابگەیەنێت


ئۆفیسی سەرۆکی تورکیا بڵاویکردەوە ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن کردووە ئاگربەست لە ئۆکرانیا ڕابگەیەنێت و ڕێڕەوە مرۆییەکان بکاتەوە و ڕێکەوتنێکی ئاشتی واژۆ بکات.

تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ سنووری ئاویی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە، هەروەها پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا هەیە. تورکیا وتوویەتی داگیرکارییەکی ڕووسیا لە ئۆکرانیا جێی قبوڵکردن نیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاوای کردووە بۆ سەر مۆسکۆ.

سەرۆکایەتی تورکیا دوابەدوای پەیوەندییە یەک کاتژمێرییەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتن، لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەردۆغان بە پوتنی وتووە تورکیا ئامادەیە یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ململانێکان.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی تورکیا وتی " ئەردۆغان کە وتی ئاگربەست نەک تەنها نیگەرانییە مرۆییەکان کەم دەکاتەوە بەڵکو دەرفەتێک دەداتە چارەسەرێکی سیاسیی، دووبارە جەختی لە داواکانی کردەوە بۆ ' با پێکەوە ڕێگەیەک بۆ ئاشتی بدۆزینەوە.' "

وتیشی " ئەردۆغان جەختی لە گرنگی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە کردۆتەوە بۆ بە دەستهێنانی ئاگربەستێک و کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکان و واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی ئاشتی."

لەلای خۆیەوە کرێملن وتی پوتن بە ئەردۆغانی وتووە ڕووسیا تەنها لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە ئۆکرانیا ڕادەگرێت کاتێک ئۆکرانییەکان چیتر شەڕ نەکەن و داواکارییەکانی مۆسکۆش جێبەجێ بکرێن، وتیشی ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچێت.

ڕووسیا هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت " ناودێر دەکات. ئەم داگیرکارییەی ڕووسیاش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەمە یەکەمین جارە لە ئەوروپا پەنابەران بەو خێراییە زیاد ببن.

تورکیا وتوویەتی " ساویلکەییە " ئەگەر پێت وابێت گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە دەبینن لەکاتێکدا ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت.

وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی دوابەدوای پەیوەندییەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتن، وەزیری بەرگری تورکیا خڵوسی ئاکار لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤدا کردووە و پێی وتووە ئاگربەست ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت زۆر پێویستە بۆ پارێزراوی گواستنەوەی هاوڵاتیان و بارەکان.

ئەردۆغان کە پوتن بە " هاوڕێی " خۆی ناودێر دەکات، دوایین جار لە 23 ی مانگی دوودا قسەی لەگەڵ پوتندا کردووە، ڕۆژێک پێش ئەوەی ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا. بەم پەیوەندییەی ڕۆژی یەکشەممەش ئەردۆغان دەبێتە سێیەمین ڕابەری وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا کە دوابەدوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا قسە لەگەڵ پوتندا بکات. هەریەک لە سەرۆکی فەڕەنسا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا قسەیان لەگەڵ پوتندا کردووە.

لەکاتێکدا پەیوەندییەکی نزیکی ئابووری و بەرگری و وزە و گەشتیاری لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، تورکیا لە هەمان کاتیشدا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بە ئۆکرانیا فرۆشتووە، ئەمەش مۆسکۆی توڕە کردووە، هەروەها دژایەتی سیاسەتەکانی ڕووسیا دەکات لە سوریا و لیبیا.

تورکیا دەڵێت دەیەوێت هەفتەی داهاتوودا لە کۆڕبەندێکی دیبلۆماتیدا وەزیرانی دەرەوەی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە باشووری تورکیا پێکەوە کۆبکاتەوە. هەردوو وڵات پێشوازییان لەو پێشنیارە کردووە، بەڵام تورکیا دەڵێت هێشتا ڕوون نیە کە ئایا هەردوولا دەتوانن ئامادەی کۆڕبەندەکە بن یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG