Accessibility links

سەرۆکی تورکیا دەڵێت کۆتایی بە باری نائاسایی دەهێنێت ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی باری نائاسایی کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2016 ەوە ڕاگەیەنراوە کۆتایی پێدێت ئەگەر هاتوو لە هەڵبژاردنەکانی 24 ی مانگی شەشدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بەڵام ئاماژەشی بەوەدا کە لەوانەیە دووبارە باری نائاسایی ڕابگەیەنرێتەوە ئەگەر وڵاتەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی زیاتر بۆوە.

ئەردۆگان وتی " ئەگەر ئەم ئەرکە دوای 24 ی مانگی شەش بەردەوام بوو ئەوا یەکەم شت دەیکەم ئینشاڵا لابردنی باری نائاسایی دەبێت."

وتیشی " لابردنی باری نائاسایی مانای ئەوە نیە بە تەواوەتی هەڵبوەشێنرێتەوە و نەتوانین بگەڕێینەوە بۆی. جارێکی دیکە ئەگەر تیرۆرێک ببینین توندترین ڕێوشوێن دەگرینەبەر."

جێی ئاماژەیە باری نائاسایی ڕێگە بە ئەردۆگان و حکومەت دەدات بەسەر پەرلەماندا زاڵ بن بۆ پەسەندکردنی یاسای نوێ و هەروەها ڕێگەیاند پێدەدات ماف و ئازادییەکان ڕابگرن. دوای کودەتاکەی ساڵی 2016 ی تورکیا ئەم باری نائاساییە ڕاگەیەنراو لەو کاتەوە هەر سێ مانگ جارێک درێژ دەکرێتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەرپرسانی تورکی لە چوارچێوەی ئەو باری نائاساییەدا زیاتر لە 160 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە و ژمارەیەکی هاوشێوەی دیکەیان لە کارمەندانی حکومەت و کەرتی گشتی لەکارەکانیان دوورخستۆتەوە. دەیان دەزگای ڕاگەیاندنیان داخستووە و ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووس و چالاکەوانیان دەستگیرکردووە.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەردۆگان باری نائاسایی بەکار دەهێنێت بۆ لەناوبردنی ئەو کەسانەی کە دژایەتی دەکەن. تورکیاش دەڵێت ئەو ڕێوشوێنانە پێویستن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان.

ئەردۆگان مانگی چوار وتی پێویستە لەسەر کۆمپانیاکان پێشوازی لە باری نائاسایی بکەن چونکە دەیانپارێزێت لە تیرۆر و ڕێگە لە کارمەندەکانیان دەگرێت مان نەگرن لە کارەکانیان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG