Accessibility links

ئەردۆغان لە ساڵیادی داگیرکارییەکەی تورکیادا جەخت لە هەڵوێستە توندەکەی دەکاتەوە بەرامبەر قوبرس


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ قوبرس بەبۆنەی ساڵیادی داگیرکارییەکەی تورکیاوە لە قوبرس کە بووە هۆی دابەشبوونی دورگەکە، جەختی لە چارەسەری دوو دەوڵەت کردەوە بۆ قوبرس.

لەمیانەی وتارەکەیدا لەبەردەم گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە باکووری قوبرس، ئەردۆغان وتی " 50 ساڵی ترمان نیە بەفیڕۆی بدەین." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ چەند دەیەیەک لە هەوڵە شکستخواردووەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکخستنەوەی یۆنانی و تورکەکانی قوبرس.

ئەردۆغان وتی " هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکاندا بەدی نایەت ئەگەر ئەوە قبوڵ نەکرێت کە دوو کۆمەڵە خەڵک و دوو دەوڵەت هەن."

وتیشی " پڕۆسەی دانوستانە نوێیەکان تەنها لە حاڵەتێکدا دەکرێت ئەنجام بدرێن کە لەنێوان دوو دەوڵەتدا بێت، دەبێت سەروەری و پێگەی یەکسانی تورکەکانی قوبرس پەسەند بکرێت، ئەوەش گرنگترین خاڵی چارەسەرەکانە."

ئەردۆگان یۆنانیەکانی قوبرسی تۆمەتبار کرد بەوەی " ڕێگە لە چارەسەرەکان دەگرن، بەشێوەیەک کە لەگەڵ واقیعدا یەکناگرنەوە."

هەروەها هۆشیاریدانەکەی مانگی ڕابردووی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لینی ڕەت کردەوە کە تیایدا وتی " ئەوروپا هەرگیز بە چارەسەری دوو دەوڵەت لە قوبرس ڕازی نابێت."

بەپێچەوانەی ئاهەنگگێڕانەکەی باکووری قوبرسەوە بەهۆی داگیرکارییەکەی تورکیا، لە باشووری قوبرس کە لەژێر دەسەڵاتی یۆنانیەکاندایە. بە لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری ناوچەکەدا یادی دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕۆژی 20 ی مانگی حەوتی ساڵی 1974یان کردەوە.

جێی ئاماژەیە دوای ئەوەی قوبرس ویستی بچێتە سەر یۆنان، هێزەکانی تورکیا وەکو وەڵامێک بۆ ئەو هەوڵە سێیەکی باکووری قوبرسیان داگیرکرد.

لە ئێستادا قوبرس دابەش بووە لەنێوان کۆماری قوبرس لە باشوور کە لەژێر دەسەڵاتی یۆنانیەکانی قوبرسدایە و کۆماری قوبرس لە باکوور کە لەژێر دەسەڵاتی تورکەکانی قوبرسدایە و " تەنها تورکیا دانی پێداناوە ".

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG