Accessibility links

وەزیری دەرەوەی میسڕ : قەتەڕ بەردەوامە لە کۆمەکیکردنی تیرۆر


وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری

وتەبێژی فەڕمی وەزارەتی دەرەوەی میسڕ ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری وتوویەتی قەتەڕ بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی تیرۆر و توندڕەوەکان لەڕێی دابینکردنی پارە و شوێنی مانەوە بۆ تیرۆریستان و بڵاوکردنەوەی گوتاری توندڕەویی و دەست تێوەردانی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبیدا.

لێدوانەکانی شوکری لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا بوو لەگەڵ نوێنەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەنەڕاڵی خانەنشین ئەنتۆنی زێنێ و تیم لیندەرکینگی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری کەنداو، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمەریکادا بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ ناکۆکییەکانی نێوان قەتەڕ و چوار وڵاتە عەرەبییەکە.

ئەبو زەید ڕوونی کردەوە سامح شوکری گوێی لە نوێنەرانی ئەمەریکا گرتووە سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداودا و هەروەها هەڵسانگاندنی هەوڵەکانی کوەیت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

لەلای خۆشیەوە شوکری باسی لە هەماهەنگی نێوان وڵاتانی عەرەبی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەروەها ڕێکەوتنیان لەسەر پێویستی ئەوەی قەتەڕ دەبێت 13 داواکارییەکەی چوار وڵاتە عەرەبییەکە جێبەجێبکات و پابەند بێت بە شەش بنەماکەی کە بۆی دانراوە کە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا یەکگدەگرێتەوە.

هەروەها وتەبێژەکە باسی لەوەش کرد شوکری ئاماژەی بەوەداوە چوار وڵاتەکە زۆر بەجددی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەکەن و ئامادەن لەگەڵ قەتەڕدا گفتوگۆ ئەنجام بدەن بە مەرجێک قەتەڕ داواکارییەکان جێبەجێ بکات و واز لە کۆمەکیکردنی تیرۆر بهێنێت و هەروەها واز لە سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت.

لەبەرامبەریشدا نوێنەرانی ئەمەریکا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی کوەیت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و سووربوونی لەسەر گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا.

XS
SM
MD
LG