Accessibility links

کوژرانی دەیان کەس لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی بۆ سەر بازاڕێکی دیمەشق و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر غوتە


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی سوریا وتیان لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی موشەکێک لە بازاڕێکی قەرەباڵغدا لە ڕۆژئاوای دیمەشق بەلایەنی کەمەوە 35 کەس کوژراون، لە کاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوریا و ڕوسیاوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا دەیان کەس کوژراون.

موشەکێک لە بازاڕی شەعبیە لە گەڕەکی کەشکولی نزیک ناوچەیەکی غوتەی ڕۆژهەڵاتی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن کەوتۆتە خوارەوە.

هێزەکانی حکومەتی سوریاش دەڵێن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی ڕۆژهەڵات چەند جارێک هاوڵاتیانی مەدەنیان کردۆتە ئامانج لەو گەڕەکانەدا کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدان لە دیمەشقی پایتەخت. لەلای خۆشیانەوە ئۆپۆزسیۆن ڕەتی دەکەنەوە هاوڵاتیانی مەدەنیان کردبێتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی خزتمەگوزاری بەرگری مەدەنی لە شاری دۆمای ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 56 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون لەمیانەی هێرشە ئاسمانییەکانی سوریا و ڕوسیادا بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە دانیشتوانی لێن.

پیاوانی فریاکەوتن وتیان ناپاڵم و بۆمبی گڕدار کەوتوونەتە خوارەوە بەسەر کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراودا کە زۆر دوورن لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ.

ئێستا دۆما بۆتە پەناگەی دەیان هەزاران هاوڵاتی کە لە بەرەکانی جەنگ و ناوچەکانی دیکەوە هەڵهاتوون.

سەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی دۆما ئەیاد عەبدولعەزیز وتی " ڕەوشی شارەکە کارەساتە."

وتیشی پێداویستییە خۆراکییەکان کەمبوونەتەوە دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکان ئەو کۆگایەیان کردە ئامانج کە کۆتا کاروانی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدابوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG