Accessibility links

کەناڵی عەرەبییە: کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردۆتە سەر خاڵێکی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی سعودیە


کەناڵی عەرەبییە بڵاویکردەوە چوار چەکدار لە هەوڵیاندا بۆ هەڵهاتن لە سعودیە بە چەک و ڕوومانەوە هێرشیان کردۆتە سەر خاڵێکی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی سعودیە و لە ئەنجامدا دووان لە هێرشبەرەکان کوژراون و دووانەکەی دیکەیان دەستگیرکراون.

کەناڵەکە لە پەیامنێرەکانیەوە بڵاویکردەوە ڕووداوەکە لەسەر ڕێگای خێرای ئەبو حەدرییە ڕوویداوە کە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سعودیە بە بەحرەین و کوەیتەوە دەبەستێتەوە. ئاماژەشی بەوەدا هەندێک لە هێزەکانی ئاسایش برینداربوون.

ئەو ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی سعودیە ناکۆکییەکی زۆری لەسەرە لەنێوان حکومەت و شیعەکاندا کە زۆرینەی دانیشتوانی شیعەن و دەڵێن ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزی و قۆرخکردن بووینەتەوە لەلایەن حکومەتەوە.

لە ساڵی 2011 ەوە ئەو ناوچەیە خۆپیشاندانی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام خۆپیشاندانەکان ئاژاوەیان لێنەکەوتۆتەوە. چەند جارێکیش چەکدارە شیعەکان هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئاسایشی سعودیە، بەڵام ئەو هێرشانە ئێستا دەگمەنن ، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 دا هێزەکانی ئاسایش چەکدارەکانیان لە ناوچەکەدا دەرکرد.

کەناڵی عەرەبییە ئاماژەی بەوەدا سێ لە هێرشبەرەکان لەنێو لیستی داواکراودان لەلایەن ئاسایشەوە لە ناوچەی قەتیف.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG