سەرۆکی فیلیپین ڕۆدریگۆ دۆتێرتی وتی لە کۆبوونەوەکەی مانگی داهاتوویدا لەگەڵ سەرۆک ترامپدا هەتا بکرێت بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و باس لە ئاسایشی هەرێمەکە و شەڕی مانێلا دژ بە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەماوەی نێوان 13 و 14 مانگی یانزەدا گەشت دەکات بۆ ئاسیا لەمیانەی زیادبوونی گرژییەکان سەبارەت بە بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکووردا.
مانێلا کۆتا شوێن دەبێت لە گەشتەکەی سەرۆک ترامپدا کە هەریەک لە وڵاتانی ژاپۆن و کۆریای باشوور و چین و ڤیێتنام دەگرێتەوە و ئامادەی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەبێت.
سەرۆک ترامپ لەگەڵ دۆتێرتیدا لە مانێلا کۆدەبێتەوە بەڵام بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردەکان و حکومەتەکانی چین و کۆریای باشوور و ژاپۆن و هیندستان و ئوستڕاڵیا و نیوزلەندا ناکات کە لە مانێلا بەڕێوەدەچێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ ژاپۆن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی، سەرۆکی فیلیپین دۆتێرتی وتی " گفتوگۆکان سەبارەت بە تیرۆر و هاریکاری نێوان دوو وڵاتەکە و جەنگ دژی ماددە هۆشبەرەکان دەبێت، بەباشیش مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم سەبارەت بەم بابەتانە."
وتیشی " هەتاکو بکرێت بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ سەرۆک ترامپدا دەکەم و وەکوو سەرکردەیەکی گرنگ پێشوازی لێدەکەم، هەروەها گوێشی لێدەگرم."
نوێنەری مانێلا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سۆنگ کیم هەفتەی ڕابردوو وتی واچاوەڕوان دەکرێت دوو سەرۆکەکە باس لە مافەکانی مرۆڤ و حوکمی یاسا بکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز