Accessibility links

ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ئەوروپا بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا خۆشحاڵن


ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ئەوروپا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هۆڵەندا و بە سەرکەوتنێـکی دەبینن بەسەر ڕێبازی ڕاستڕەوی نێو وڵاتانی ئەوروپادا.

سەرکەوتنی پارتی لیبراڵی مارک ڕوتێی سەرۆک وەزیر لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی چوارشەممە، جێی خۆشحاڵی هەر یەک لە فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا و خاتوو ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بوو، ئەمەش هەرچەندە پارتی ڕاستڕەوی توندڕەو خێرت ڤیلدەرز بە پەلەی دووەم هات.

سەرۆک فڕانسوا ئۆلاند وتی سەرکەوتنێکی ڕوون و ئاشکرایە بەسەر توندڕەویدا. هاوکات خاتوو مێرکڵ وتی "هۆڵەندا هاوبەش و دۆست و دراوسێیە، بۆیە زۆر خۆشحاڵم کە بەشداری زۆری خەڵکی لە دەنگدانەکە ئەم ئەنجامەی لێکەوتەوە."

پارتەکەی سەرۆک وەزیر مارک ڕوتێ (پارتی خەڵک بۆ ئازادی و دیموکراسی) توانی 33 کورسی بباتەوە.

بەر لە دەنگدانەکە، ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکان پـێشبینیان دەکرد پارتی ڕاستڕەوی توندڕەو (پارتی بۆ ئازادی) کە خێرت ڤیلدەرز ڕابەرایەتی دەکات، بتوانێت 36 کورسی بەدەسـتبهێنێت، بەڵام تەنانەت نەیتوانی هێندەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010 کە 24 کورسی بەدەسـتهێنابوو شوێن بۆ ئەندامەکانی لە پەرلەمانی داهاتووی وڵاتەکە مسۆگەربکات. بەپـێی ئەنجامەکانی بڵاوکراونەتەوە پارتەکەی خێرت ڤیلدەرز 20 کورسی بەدەسـتهێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا 5 کورسی زیاتری لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2012 بردۆتەوە و بە پلەی دووەم هاتووە.

پارتی بانگەوازی کرستیانی دیموکرات و پارتی دیموکراتی 66بە پلەی سێیەم هاتوون و هەریەکەیان19 کورسی بردۆتەوە.

پارتی سۆسیالیست و پارتی چەپی سەوز ئەوانیش بە پلەی چوارەم هاتوون و هەریەکەیان 14 کورسی بردۆتەوە.

بەڵام ئەوەی دووچاری شکستی هەر گەورە بوو پارتی کارە کە لە 38 کورسیـیەوە هاتە سەر 9 کورسی. لە هەڵبژاردنەکانی پـێشوودا پلەی دووەمی بەدەسـتهێنابوو و لەگەڵ پارتەکەی سەرۆک وەزیر مارک ڕوتێ حکومەتیان پـێکهێنابوو.

ژمارەی دانیشتوانی هۆڵەندا 17 ملیۆنە و پەرلەمانەکەی لە 150 کورسی پـێکهاتووە و بۆ پـێکهێنانی حکومەتی وڵاتەکە پـێوستە هاوبەندیـیەک لە نێوان چەند پارتێـک پـێکبهێنرێت تاوەکو بتوانرێت لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەندبکرێت.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG