Accessibility links

پـۆلیسی هۆڵەندا شوێنی ئەشکەنجەدان لە نزیک سنوورەکانی لەگەڵ بەلجیکا دەدوزێتەوە


پـۆلیسی هۆڵەندا شوێنی ئەشکەنجەدانی دۆزیوەتەوە لە ناو سندوقی گەورەی بارکردن لە نزیک سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ بەلجیکا و 6 کەسی لەسەریان دەستگیرکردووە.

پـۆلیس ڤیدیۆیەکی لەسەر یوتیوب بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نیشانی دەدات چۆن دەستدەگرن بەسەر سندوقەکاندا لەگەڵ ئەو کەرەستانەی بەکارهێنراون بۆ ئەشکەنجەدان، لەوانە کورسـی پـزیشکی ددان، مقەست ، منشار ، کەلەپچە ، تورەکە.

سندوقەکان لە ناوەوە وەها داپـۆشراون تاوەکو هاوار و دەنگی قوربانیـیەکان نەگەنە دەرەوە و لەگەڵ ئەوانەشدا کامێرای چاودێریـیان تێدادانابوون. دەڵێن پـۆلیس بە شوێنەکەی زانیوە لە ڕێگەی ئەو کامێرایانەوە کە بە ئنتەرنێتەوە بەسترابوون.

هەروەها پـۆلیس دەستیگرتووە بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبیلی دزراو لەگەڵ 25پارچە چەک کە بریتی بوون لە دەمانچە و کلاشینکۆڤ، لەگەڵ 8 تۆن ماددەی هۆشبەری کۆکایین و 1200 کیلۆگرام میثامینی کریستاڵی.

دەزگاکانی ئاسایش و پـۆلیس لە فەڕەنسا و بەڕیتانیا و هۆڵەندا لە مانگی چوارەوە دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر باندێکی تاوانکاری بە ناوی Lemont26 . باندەکە ئاشکرابوون پاش ئەوەی پـۆلیسی فەڕەنسا توانی بچێتە ناو تۆڕێکی پەیوەندی کۆدکراو لەسەر ئنتەرنێت کە بە "EncroChat" ناسراوە. باندەکە لە ڕێگەی ئەو تۆڕەوە پەیوەندیـیان دەکرد.

دوای ئاشکراکردنی ئەم تۆڕی پەیوەندیـیە نزیکەی 100 کەس دەسـتگیرکراون و دەستگیراوە بەسەر 27 تۆن لە ماددەی هۆشبەر لە نێوان هۆڵەندا و بەریتانیا.

XS
SM
MD
LG