Accessibility links

دانفۆرد: کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران ئەنجامدانی ڕێکەوتنی تر لە ئایندەدا قورس دەکات


سەرکردەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد وتی ئێران پابەندە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە و هۆشیاریشیدا لەسەر دەرکردنی هەر بڕیارێک لەلایەن واشنتنەوە بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنەکە بەوەی کە ئەو کشانەوەیە وا لە وڵاتانی دیکە دەکات مەیلیان کەم ببێتەوە لە ئەنجامدانی ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمەریکادا.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پێداچوونەوە بە ڕێکەوتنەکەدا دەکات بەمەبەستی ئەوەی بڕیار بدات کە ئایا بکشێتەوە لە ڕێکەوتنەکە کە لەساڵی 2015دا لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا ئەنجامدرا یان نا.

دانفۆرد لە گەواهیدانێکیدا لەبەردەم لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا وتی ئێران بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ دەکات بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بەڵام چالاکیەکانی لە بواری تردا زیادکردووە.

وتیشی " ئێران ڕۆڵێکی زیانبەخش دەبینێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەکاتێکدا هەڕەشە لە ئازادیی دەکات و پشتیوانی لە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی ناو سوریا و عێراق و یەمەن دەکات."

یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە جاک ڕید پرسیاری لە دانفۆرد ئاخۆ هاتنە دەرەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کاریگەری دەبێت لەسەر تواناکانی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆریای باکووردا یاخوود گەیشتن بە چارەسەرێک کە سەربازیی نەبێت لەگەڵ پیۆنگیانگدا؟

دانفۆرد لە وەڵامدا وتی " بۆ من مەنتیقییە دەست بگرین بەو ڕێکەوتنانەوە کە ئەنجاممان داوە، ئەگەر پیشێلکاریی ماددی نەبێت ئەوا کاریگەریی دەبێت لەسەر ئامادەبوونی وڵاتانی دیکە بۆ ئەنجامدانی ڕێکەوتن لەگەڵماندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG