Accessibility links

ئۆفیسی NRT لە دهۆک لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت


شەوی 19 لەسەر 20 ی مانگی هەشت خۆپـیشاندانێک لە قەزای زاخۆ ئەنجام درا لە دژی پـێدانی کار بە خەڵکی بیانی و نەدانی کار بە خەڵکی ناوچەکە. خۆپـیشاندانەکە توندوتیژی بەخۆیەوە بینی و چەند هاوڵاتیەک و ئەندامی هێزەکانی ئاسایش برینداربوون.

پەیامنێری NRT لە کاتی خۆپـیشاندانەکە دەستگیرکرا و ڕێگەی پێ نەدرا ڕووماڵی خۆپـیشاندانەکە بکات.

ڕۆژی 20 ی هەشت، هێزێکی ئاسایش دەستیگرت بەسەر ئۆفیسی NRT لە دهۆک.

بۆ زانینی زیاتر و چۆنیەتی دەستگرتن بەسەر ئۆفیسەکەدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسەکە لە دهۆک بێوار حلمی لێدوانی بۆ دەنگی ئەمەریکا دا.

"دوێنێ پاش ئەوەی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە قەزای زاخۆ ئەنجام درا بەرەو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و دوای تەواوبوونی خۆپـیشاندانەکە کە NRT ڕووماڵی دەکرد، پەیامنێری NRT لە زاخۆ ئەحمەد زاخۆلیی دەستگیرکرا و هێشتا هەر دەستگیرکراوە. پاشان هێزێکی ئاسایش دەستیگرت بەسەر نووسینگەی NRT لە دهۆک و هێشتا لە دەستیاندایە وە هۆکاری دەستگرتن بەسەر ئۆفیسەکەدا نازانین. ئەمڕۆش نیهاد ئۆرەماری پەیامنێری NRT لە ئامێدی کاتێک بۆ ئامادەکردنی ڕاپـۆرتێک بەرەو ناحیەی دێرەلوک ڕۆیشتبوو، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دەستگیرکرا و پاشان ئازادکرا، بەڵام کەلوپەلەکانی هێشتا لەلای هێزەکانی ئاسایشە."

جێی ئاماژەیە، هەر ئاڵۆزیـیەک یان ناڕەزایـیەک لە پارێزگای دهۆک ڕووبدات، دەزگاکانی ڕاگەیاند بە زەحمەتی دەتوانن ڕووماڵی بکەن و هێزەکانی ئاسایش ڕێ بە ڕووماڵکردنی نادەن.

هەروەها کاوە عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ چالاکوانێک و ڕۆژنامەوانێکی زاخۆ وتووێژی کردووە سەبارەت بە خۆپـیشاندانەکە. دەقی هەردوو ڕاپـۆرتەکە لەم فایلە دەنگیـیانەدایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:09 0:00
please wait

No media source currently available

0:00 0:03:01 0:00


XS
SM
MD
LG