لەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاسایەکی ئاسایشی سنووری ئەمەریکا ڕەوانەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەکرێت تاوەکو دەنگدانێکی لەسەر بکرێت، ڕەنگە پڕۆژە یاساکە هیواکانی ئەو سەدان هەزاران کەسە لە ناوببات کە کاتێک منداڵ بوون بە شێوەیەکی نایاسایی هێندراونەتە ئەمەریکاوە، ئەو کەسانەش بە دریمەرز ناسراون و هیوادارن بە شێوەیەکی ئاسان و خێرا ڕەگەزنامەی ئەمەریکاییان پێبدرێت. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆنگرێس هەڵوێستێکی توندتر دژی کۆچ پەیڕەو دەکات.
ئەو کەسانەی کە بە منداڵی بە شێوەیەکی نایاسایی هێندراونەتە ئەمەریکاوە پێیان دەوترێت " دریمەرز "، دریمەرز زیاتر لە 10 ساڵە بابەتی سەرەکی دیموکراتەکان بووە لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە سیاسەتی کۆچی ئەمەریکا.
بەڵام ئێستا کۆمارییەکانی ئەمەریکا دەڵێن هەتاوەکو چاکسازی نەکرێت لە ئاسایشی سنووری ئەمەریکادا ڕێگە نادەین دیموکراتەکان و سەرۆکی ئەمەریکا یارمەتی بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکای وەکو ئۆکرانیا و ئیسڕائیل دابین بکەن، واتە چاکسازیکردن لە ئاسایشی سنووری ئەمەریکا بووەتە مەرجێک بۆ داواکانی دیموکراتەکان بۆ بەردەوامبوون لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا و ئیسڕائیل. دیموکراتەکانیش دەڵێن پرسی دریمەرز لەم دۆخەدا لەبیرکراوە.
سیناتۆری ژمارە دووی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دیک دێربین، دەڵێت لە گفتوگۆکاندا داوای کردووە گروپی دریمەرزیش لە خۆبگیردرێت، بەڵام کۆمارییەکان ڕەتییان کردووەتەوە.
دێربین لە چاوپێککەوتنێکدا وتی " هەندێک ئەندام هەن لە لاکەی دیکە هەڵوێستییان بە شێوەیەکە کە ڕێگە بە هیچ کۆچبەرێک نەدەن لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا."
هەندێک لە یاسادانەرە کۆمارییەکان دەڵێن پێناچێت کۆنگرێس لە داهاتوویەکی دیار و نزیکدا تاوتوێی بابەتی دریمەرز بکات.
کریس مێرفی دیموکرات کە یەکێکە لەو سێ سیناتۆرەی کە گفتوگۆیان لەسەر پڕۆژە یاساکە کردووە، دانی بەوەدانا کە هیچ بەرەوپێشچوونێک نەبووە لە یارمەتیدانی دریمەرزدا.
وتی " هێشتا کارمان ماوە بیکەین، بۆ نموونە دانانی ڕێگایەک بۆ دریمەرزەکان تاوەکو ڕەگەزنامە وەربگرن، بەڵام ئەم پڕۆژە یاسایە پێشەکییەکی گرنگە لەسەر چاکسازی کۆچ."
هیچ گرەنتییەک نیە کە پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت و ببێتە یاسا. پڕۆژەکە ڕووبەڕووی دژایەتی هەندێک لە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بووەتەوە لە هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسدا، ڕەنگە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان زۆرینەن تێیدا هەر باسیشی لێوە نەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ چەند جارێک ڕەخنەی لە پڕۆژە یاساکە گرتووە.
لە ئێستادا 544,690 دریمەرز هەن کە بەپێی پڕۆگرامی داکا پارێزراون لە ڕەوانەکردنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان. پڕۆگرامی داکا لە ساڵی 2012 دا لەلایەن سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا باراک ئۆبامای دیموکراتەوە دروست کرا، بەپێی داکا ئەو کەسانە مۆڵەتی کارکردنیشییان پێدەدرێت و پێگەشییان لە ئەمەریکادا دەبێت هەموو دوو ساڵ جارێک نوێ بکرێتەوە، ئەم پڕۆژە یاسا نوێیەی ئەنجومەنی سیناتیش لە نادیاریدا دەیانهێڵێتەوە.
بەڵام دەوترێت نزیکەی 2 ملیۆن دریمەرز لە ئەمەریکادا هەن و هەنێکییان لە داکا تۆمارنەکراون، تۆمارکردنی زیاتری ئەو کەسانە لە ئێستادا بەهۆی ئەو کێشانەوە کە دادگا ڕووبەڕووی پڕۆگرامی داکای کردوونەتەوە ڕاگیراون.
دایانا پیلیگۆ کە دایک و باوکی لە ساڵی 1997 دا هێناوییانە بۆ ئەمەریکا وتی " ئەگەر بڵێیت ئەوە نائومێدییە، هێشتا کەمە. 25 ساڵە چاوەڕێی ئەوە دەکەم کۆنگرێس ڕێگایەکمان بۆ بخاتەڕوو." پیلیگۆ کە ئێستا تەمەنی 29 ساڵە وتی هەموو ژیانی بەو ترسەوە ژیاوە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕەوانە دەکرێتەوە، دەشڵێت بەهۆی پێگەی کۆچبەری نایاسایی باوانییەوە منداڵییەکەی بە هەژاری بردووەتەسەر.
پیلیگۆ لە پڕۆگرامی داکادا تۆمار کراوە و بڕوانامەی زانکۆی بە دەستهێناوە و ئێستا لە گەڕەکێکی واشنتن دەژی و لە ناوەندی یاسای کۆچی نیستیمانی کار دەکات. بەڵام ئەو ترسەی کە بە مناڵی هەیبووە و ترساوە لەوەی ڕەوانە بکرێتەوە، ئێستا سەریهەڵداوەتەوە.
وتی " هەمیشە ئاگاداری بوونی پۆلیسم، تەنانەت تاوەکو ئێستاش کە شۆفێری دەکەم لایتەکانی پۆلیس دەبینم. تۆزێک دەترسم."
هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ئەمەریکا لە ساڵی 2023 دا نزیکەی 2 ملیۆن کۆچبەرییان دەستگیر کردووە، ئەوەش لە نێوەندی شەپۆلی کۆچبەراندا کە بەهۆی جەنگ و کارەساتە سروشتییەکان و سزادانەوە لە وڵاتانی خۆیان هەڵاتوون.
کۆمارییەکان دەڵێن هەر پڕۆگرامێک مافی نوێ بدات بەو کۆچبەرانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی دێنە وڵاتەکەوە، بەو منداڵانەشەوە کە هاتنییان بۆ ئەمەریکا لە دەسەڵاتی ئەواندا نەبووە، هانی پشێوی زیاتر دەدات لەسەر سنوورەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز