Accessibility links

ڕابەرانی ئەوروپا بیر لە دامەزراندنی ناوەندێکی پەنابەران دەکەنەوە لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا


سەرۆک وەزیری دانیمارک لارس ڕاسموسین

دوو ڕابەری ئەوروپی وتیان ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپی بیر لە دامەزراندنی کامپێکی پەنابەران دەکەنەوە بۆ ئەو پەنابەرانەی کەداواکانیان بۆ دەستکەوتنی مافی پەنابەرێتی ڕەت دەکرێتەوە و دەبێت ئەو کامپە لە وڵاتێکی ئەوروپیدا بێت و لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا بێت.

سەرۆک وەزیری دانیمارک لارس ڕاسموسین وتی ئەڵمانیا و هۆڵەندا و نەمسا لەنێو ئەو حکومەتانەدان کە بەشدارن لە دانوستانەکاندا و وتیشی هیوادارم ئەم پڕۆژە ئەزموونییە ڕێگە خۆشکەر بێت لەبەردەم سیستمی نوێی ئەوروپا بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی.

لە لیدوانێکیدا بە بۆنەی ڕۆژی دەستووری دانیمارکەوە وتی " من گەشبینم. بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی ئەوروپیدا کردوومە کە بەشێوەیەکی فەڕمی بەڕێوە دەچێت، پێشبینی من ئەوەیە دەتوانین لەمساڵدا هەنگاوی یەکەم بنێین."

هەروەها لە لێدوانەکانیدا لە بڕۆکسل، ڕاوێژکاری نەمسا زیباستیان کورتس جەختی لە پلانەکان کردەوە و وتی دانوستانەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتووەوە.

وتیشی " ماوەیەکی زۆرە پێشنیاری ئەوەمان کردووە و ڕێی تێدەچێت لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا پاراستن دابین بکەین کە لە ناو یەکێتییەکەدا پارێزگاری تەواو لە کۆچبەران دەکرێت بەڵات هەلی ئەوەیان دەست ناکەوێت کە سیستمێکی باشتر هەڵبژێرن لە ئەوروپادا."

ڕاسموسین و کۆرتس وتیان دانوستانەکان ڕاستەوخۆ لەنێوان حکومەتەکانی ئەوروپادا ئەنجام دەدرێن نەک لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا.

سەرۆکی نوێنەرانی ئەوروپا ژان کلود یۆنکەر وتی دژایەتی ئەو جۆرە هەنگاوە ناکات.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ کۆرتس، یۆنکەر وتی " پێم وایە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی بابەتێکی ئەوروپی و نیشتیمانیشە. بۆ من نیە دژایەتی بکەم."

جێی ئاماژەیە لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی پەنابەران لە دانیمارک بەڕێژەیەکی زۆر کەم بۆوە لە چاو ساڵی 2015 دا کە ژمارەیان گەیشتە 21 هەزار پەنابەر.

ڕاسموسین ڕەتی کردەوە ئەو وڵاتانە دیاریبکات کە دەکرێت ئەم جۆرە کامپانەی تێدا دابمەزرێت و وتی " شوێنێکی باش نابێت بۆ ئەو کەسانەی کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG