Accessibility links

دانمارک هێزەکانی بۆ مەشق و ڕاهێنان دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق


وەزیری بەرگری دانمارک دەڵێت وڵاتەکەی بڕیاری داوە سەربازەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق بە مەبەستی مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان.

خانم تغین بغامسن ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی سەربازەکان لە 1 ی مانگی سێ دەگەڕێنەوە بۆ بنکەی سەربازی "عەین ئەلئەسەد" تاوەکو لەوێ دەستبکەنەوە بە ڕاهێنانی سەربازە عێراقیـیەکان.

گوتیشی دۆخی ئاسایشی ئێستای عێراق هیچ جیاوازی نیـیە لەگەڵ ئەو کاتەی پـێش هێرشە موشەکیـیەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عەین ئەلئەسەد.

لە پاش هێرشە موشەکیـیەکەی ئێران بۆ سەر بنکەکە لە 8 ی مانگی یەک، دانمارک زۆربەی ئەو 130 سەربازەی لە بنکەکەدا هەیبوون کشاندنیەوە بەرەو کوەیت.

دانمارک وەک ئەندامێکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش ئەرکی ڕاهێنانی بەشێک لە هێزە عێراقیـیەکانی گرتووەتە ئەستۆ.

خانم تغین بغامسن گوتی گرنگە جارێکی دیکە عێراق نەبێتەوە بە شوێنێک بۆ تێرۆرستان، بۆیە دەبێت ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان بکرێت هەتا بتوانن ئاسایشی وڵاتەکەیان بپارێزن.

XS
SM
MD
LG