Accessibility links

داعش چۆن لە گوندێکی بچوك تەنگ بە هێزە کوردی و عێڕاقیەکان هەڵدەچنێ؟


گوندێکی بچوکی تورکمان نیشین، ناسراو بە گوندی بەشیر، لە مانگی 6ی ساڵی 2014 لە ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دایە و لەو کاتەوە بووەتە مەڵبەندی هێرشی بەردەوام بۆ سەر هاوڵاتیانی ناوچەکە و پێشمەرگە و هێزە عێڕاقیەکان.

گوندەکە بە نزیکی 15 کیلۆمەتردەکەوێتە باشوری شاری کەرکوکەوە و ماوەیەكی کورت دوای کەوتنی موسڵ کەوتە دەستی داعش. لەوکاتەوە داعش بەردەوام ئەم گوندەی بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی دەیان هێرش و بۆردومان کە دوایینیان بریتیبوولە بۆمبارانکردنی ناحیەی تازەخورماتوو.

بەگوێرەی سەرچاوە کوردی و عێراقیەکان لەم هێرشەی دوایی بۆ سەر ناحیەی تازەخورماتوو، داعش چەکی کیماوی بەکارهێناوە کە بووەتە هۆی برینداربوونی نزیكی 900 کەس و مردنی سێ کەس بەلایەنی کەمەوە.

سۆران جه‌لال، به‌رپرسى به‌رگرى شارستانى ناحیه‌ى تازه‌ ، به ‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند،"بۆمبه‌كان جۆره‌ بۆنێكیان پێوه‌ بووه‌ كه‌ وه‌كو بۆنى سیر وابوو.....ژماره‌یه‌ک له‌ دانیشتوانى ناحیه‌ى تازه‌ توشى ته‌نگه‌نه‌فه‌سى و روومه‌ت سووربوونه‌وه‌ و چاوكزانه‌وه‌ هاتوون. تیمێكى پسپۆر پشكنینیان بۆ بۆمبه‌كان كردووه‌ ده‌ركه‌ووتووه‌ ماده‌ى كیمیاییان له‌گه‌ڵدا بووه.‌"

هەردوای بۆردومانەکەی داعش، دانیشتوانی تازە خورماتوو ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای هەرچی زوو ڕزگارکردنی گوندی بەشیریان کرد و هەڕەشەی بڕینی کارەبای کەرکوك بۆ بەغدایان کرد ئەگەر بێتو داواکاریەکەیان پشتگوێ بخرێت.

لەگەڵ ئەوەی گوندەکە لە زۆربەی لاوە دەورەدراوە و لە باکور و ڕۆژهەڵاتەوە پێشمەرگە و لە باشورەوە حەشدی شەعبی چواردەوریان داوە، بەڵام تا ئێستا لەژێر دەستەڵاتی داعش دایە و هێزە کوردی و عێراقیەکان بستێك نەچونەتە پێشەوە.

سەچاوە کوردی و عێراقیەکان بەدەنگی ئەمریکایان ڕاگەیاند، هەتاوەکو هیزی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە پشتگیری ڕزگارکردنی بەشیر نەکات ئەستەمە هێزی پێشمەرگە و عێڕاقی بتوانن گوندەکە لە چنگی داعش دەربێنن. بەگوێرەی ئەم سەرچاوانە، بەهۆی زۆری مینی چێندراو لەو ناوچەیە، داعش توانیویەتی ڕێگری لەهەر پێشکەوتنێکی پێشمەرگەو هێزە عێراقیەکان بکات.

بەگوتەی لیوا موحەمەد قادر، فارماندەیەکی پێشمەرگە لە کەرکوك، "تائێستا داعش سێ جار هێرشی کراوەتە سەر لەو ناوچەیە؛ دوو جار حەشدی شەعبی و جارێكیش پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بەیەکەوە هێرشیان کرد بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. هەرکەسێك بچێ سەرکەوتوونابێ بەهۆی زۆری مینی چێندراوەوە هەتاوەکو هیزی ئاسمانی هاوپەیمانان هاوکاری ڕزگارکردنی گوندەکە نەکەن."

هێزی هاوپەیمانان هاوکاری رزگارکردنی گوندی بەشیر نابن

سەرچاوە ئاگادارەکان بەدەنگی ئەمریکایان ڕاگەیاند کە هیزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ڕابردوودا ئەوەیان ڕەتکردۆتەوە کە پاڵپشتی ئاسمانی بۆ ڕزگارکردنی گوندی بەشیر بکەن لەترسی ئەوەی کە گروپەکانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران لەو ناوچەیە بەهێزن.

حکومەتی ئەمریکا پەیوەندیەکی ئاڵۆزی هەیە لەگەڵ حەشدی شەعبی بەتایبەت بەهۆی ئەوەی هەندێك لە گروپەکانی ناو حەشد لە ئێرانەوە نزیکن و بەشێکیان لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان.

ستیڤ وارن وتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند، "ئێمە تەنیا پشتگیری لەو هێزانە دەکەین کە سەر بەحکومەتی عێڕاقن و فەرمانەکانیان لەوێوە وەردەگرن."

بەگوێرەی مایکڵ نایتس، پسپۆری ئاسایشی عێراق لە پەیمانگای واشنتۆن، "ئەمریکا پشتگیری هەندێ گروپی ناو حەشدی شەحبی دەکات کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێن بەڵام پەیوندی لەگەڵ ئەو گروپانەدا نییە کە لەدەرەوەی دەستەڵاتی سەرۆکوەزیران کاردەکەن، بەتایبەت ئەو گروپە تیرۆرستیانەی کە لەڕابردوودا سەربازی ئەمریکیان کوشتووە."

مایکڵ نایتس ئەوەی بەدەنگی ئەمریکا گوت کە ئەو گروپانەی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، وەکو کەتیبەکانی حیزبوڵا و ئەهلی حەق لە نزیك ئەو گوندانە چالاکی دەکەن. بەگوێرەی نایتس، "تەنانەت ئاڵای حیزبوڵای لوبنانی لەو ناوچەیە هەڵکراوە."

"گەر هەماهەنگی هەبێت بەشیر بە چەند کاتژمێرێک ڕزگار دەکرێت"

فەریق ئەنوەر حەمەئەمین، فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند ئەگەر هەماهەنگی هەبێ لەنێوان لانەیەکان ئەوا گوندی بەشیر بەچەند کاتژمێرێکی کەم ڕزگار دەکرێت.

ئەنوەر حەمەئەمین وتی، "ئێمە بەگوێرەی پلان ئیشدەکەین، لە ئێستادا هیچ پلانێکمان نییە بۆ گەڕانەوەی بەشیر بۆ ژێردەستی حەشد."

بەگوێرەی ئەنوەر حەمەئەمین، گوندی بەشیر ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگە لە پارێزگای کەرکوك و ڕزگارکردنی پێویستی بە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە هەیە.

لای خۆیەوە، زەکی کەمال، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە ناوچەی تازە خورماتوو بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە لە بەغداوە ئەوەی پێوتراوە کە حکومەتی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان و حکومەتی هەرێم لە وتوێژدایە بۆ هەماهەنگی لە ڕزگارکردنی بەپەلەی گوندی بەشیر.

زەکی کەمال ڕایگەیاند، "لەڕابردوودا دووجار هێرشمانکرد بۆ ڕزگارکردنی بەشیر بەڵام سەرکەوتونەبووین بەهۆی ئەوەی ئێمە چەك و پێویستی سەربازی ئەوتۆمان نییە."

ئەو گلەیی ئەوەی کرد کە حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە تەنیایە. بە وتەی ئەو، "هێزی هاوپەیمانان پشتیوانیمان ناکەن چونکە دەڵێن ئێمە لەگەڵ شیعە کارناکەین. بەغداش دەڵێت ئێمە ناتوانین هیزی ئاسمانی بنێرینە ناوچەکە چونکە ئاسمانی ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی ئەمریکادایە."

بەڵام بەگوێرەی مایکڵ نایتس، پسپۆری ئاسایشی عێراق لە پەیمانگای واشنتۆن، "سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا خۆیان داوایان لە هێزی هاوپەیمانان کردووە کە هاوکاری ئاسمانی بۆ گروپەکانی حەشد لەم ناوچەیە دابین نەکەن. سەرکردەکانی حەشد و سوپای هاوپەیمانان ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر بێتو فرۆکەکانی هاوپەیمانان بە هەڵە ئەندامانی حەشد بپێکن، ئەوا گروپە تونڕەوەکانی حەشد هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن و باڵوێزخانەکان دەکەنە ئامانج."

"پێشمەرگە نەچووەتە نێو بەشیر چونکە دانیشتوانی تورکومانن"

سەرچاوە سەربازیەکان لە هێزی پێشمەرگە بەدەنگی ئەمریکایان ڕاگەیاند کە هێزی پێشمەرگە لەڕابردوودا نەچوەتە ناو گوندەکە چونکە دانیشتوانی تورکومانن و حەشدی شەعبی بەناوچەی خۆی دەزانێت.

بەگوێرەی وەستا ڕەسوڵ، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە باشوری کەرکوك، لە ڕابردوودا پێشمەرگە هەوڵیانداوە لە نێوان هێزی هاوپەیمانان و حەشدی شەعبی تێگەیشتنێك دروستبکەن بۆ چونیەتی ڕزگارکردنی گوندەکە بەڵام هەوڵەکان بێئەنجام بوون.

بەوتەی وەستا ڕەسوڵ، "ئێمە بە حەشدی شەعبیمان گوت پێشمەرگە بەهاوکاری فڕۆکەی هاوپەیمانان بەشیر ڕزگار دەکەن و دوایی ئێوە دەتوانن بێنە ناو گوندەکە. بەڵام سەرەتا حەشدی شەعبی ئەو پێشنیارەیان ڕەتکردەوە و گوتیان ناوچەیخۆیانە و خۆیان ڕزگاری دەکان. دواتر حەشد رازی بوون بەڵام هێزی هاوپەیمانان پەشیمان بونەوە."

بەگوێرەی وەستا ڕەسوڵ، هەبوونی داعش لەو گوندە مەترسی گەورەی بۆ سەر شاری کەرکوك دروستکردووە بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ئەو گوندە نزیکە لە کۆمپانیای نەوتی باکور و وێستگەی کارەبای کەرکوك کە 35%ی هەموو کارەبای عێڕاق دابین دەکات.

وەستا ڕەسوڵ بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئەگەر گوندی بەشیر ڕزگار نەکرێ، چاوەڕێی کارەساتی مرۆیی لەو ناوچەیە دەکرێ؛ بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەمەش هاوپەیمانان و عێڕاق دەیگرنە ئەستۆ."

*نوسینی: ڕێکار حسێن

XS
SM
MD
LG