Accessibility links

سەرۆکی قوبرس: لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپایـیەکانمان کاردەکەین بۆ دانانی سنوورێک بۆ فراوانخوازی تورکیا


سەرۆکی قوبرس دەڵێت قوبرس و یەکێتی ئەوروپای بە هاوبەشی پێکەوە وا کاردەکەن بۆ جڵەوکردنی سیاسەتی فراوانخوازی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەمەش لە سەروبەندی روو لە هەڵکشانی ئاڵۆزیەکان بەهۆی گەڕانی تورکیا بەدوای نەوتی خاو و گازی سروشتی لەو ناوچەیەدا.

نیکۆس ئاناستاسیادس سەرۆکی قوبرس رۆژی سێشەممە گوتی" پێویستە27 ئەندامی یەکێتی ئەوروپا هەڵسەنگاند بکەن کە هەتا چەند بوار دەدەنە تورکیای سەرکێش ئەوەی دەیەوێت کۆنترۆڵی هەرێمەکە بکات."

ئەم ئاماژەیەی سەرۆکی قوبرس بەڕۆژێک دوای ئەوەبوو کە مەولود چاوشئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی وڵاتەکەی بەهەمان شێوە کاردانەوەی دەبێت کە ئەگەر یەکێتی ئەوروپا رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ سەرزەنشتکردنی تورکیا بەهۆی گەڕانی بەدوای گازدا لەو بوارە ئاوییەی کە قوبرس مافی ئابوری تەواو بەخۆی تێدا هەیە. نیکۆس ئاناستاسیادس گوتیشی بەداخەوە ئێمە باس لە وڵاتێکی وروژێنەر( تورکیا) دەکەین کە هەوڵدەدات کۆنترۆڵی تەواوی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بکات و ژمارەیەک لە وڵاتانی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ئەو دەریایە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

ناوبراو گوتیشی لەم کارەی تورکیا تێناگەین و مایەی قبوڵکردنیش نییە ، نەک هەر تەنها لەسەر بنەمای دادی نێودەوڵەتی بەڵکو لەسەر ئاستی پەیوەندی نەریتی دۆستانە و هاوسێیەتی کە دەبێت وڵاتانی هاوسێ پابەندی ببن.

تورکیا دان بە قوبرسدا وەک دەوڵەتێک نانێت و کەشتی جەنگی بەیاوەری لەگەڵ ئەو کەشتیانەدا ناردووە کە بەدوای وزەدا لەو بوارە ئاویەی قوبرسدا دەگەڕێن.

مەولود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی دووشەممە وتوێژی کرد لەگەڵ جۆسف بۆرڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکێتی ئەوروپا وەک هەوڵێک بۆ خاوکردنەوەی گرژیـیەکان ، چاوشئۆغڵو گوتی ئەنکەرە ئەوە لە یەکێتی ئەوروپا چاوەڕوان دەکات کە ببێتە نێوەندگیرێکی راستگۆ. جۆسف بۆرڵ گوتی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بە ساتەوەختێکی باشدا تێناپەڕێت و داوای هاریکاری و دیالۆگی زیاتری نێوانیانی کرد.

سەرچاوە: ئەسۆسییەت پرێس

XS
SM
MD
LG