Accessibility links

هەندێک لە وڵاتانی جیهان ئامادەیی خۆیان پیشاندەدەن بۆ یارمەتیدانی لوبنان


دوای تەقینەوە گەورەکەی لوبنان هەندێک لە وڵاتانی جیهان ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە، لەوانەش ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئێران و ئیسڕائیل و بەڕیتانیا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وەزارەتەکە لەنزیکەوە چاودێری هەواڵەکانی تەقینەوەکەی لوبنان دەکات و ئامادەیە بۆ " پێشکەشکردنی یارمەتی ".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەشی بەوەدا هیچ زانیارییەکیان نیە لەسەر هۆکاری تەقینەوەکە و وتیشی لەگەڵ کاربەدەستانی ناوخۆی لوبناندا کاردەکات بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا هاوڵاتیانی ئەمەریکی لە نێو بریندارەکاندا هەن یاخود نا.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی وڵاتەکەی ئامادەیە بە هەرشێوەیەک بێت یارمەتی لوبنان بدات.

زەریف وتی " دڵ و نزاکانمان لەگەڵ گەلی مەزنی لوبناندان، وەکو هەمیشە ئێران تەواو لە ئامادە باشیدایە بۆ یارمەتیدانی لوبنان بە هەر شێوەیەک بێت."

هەروەها فەڕەنساش بە هەمان شێوە ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ یارمەتیدانی لوبنان.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان لە بەیاننامەیەکدا وتی " فەڕەنسا هەمیشە لە پاڵ لوبنان و گەلی لوبناندا دەوەستێت. ئامادەشە بۆ یارمەتیدان لە هەر شتێکدا کە کاربەدەستانی لوبنان پێویستیان بێت."

ئیسڕائیلیش لەلای خۆیەوە ئامادەی خۆی پیشاندا بۆ یارمەتیدانی لوبنان.

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز وتی " ئیسڕائیل لەڕێی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کەناڵە دیبلۆماتیەکانەوە پەیوەندی بە لوبنانەوە کردووە و ئامادەی خۆی پیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی تەندروستی و مرۆیی بەو وڵاتە."

لەلای خۆشیەوە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی " دڵ و نزاکانمان لەگەڵ ئەوانەدایە کە لەم ڕووداوە ناخۆشەدا زیانیان پێگەیشتووە. بەڕیتانیا ئامادەیە هەرچی لەتوانایدا بێت بیکات بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی و یارمەتیدانی ئەو هاوڵاتیە بەڕیتانیانەشی کە بەهۆی ڕووداوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG