Accessibility links

لە تەنها یەک ڕۆژدا زیاتر لە 1000 کەس لە بەڕازیل بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا


وەزارەتی تەندروستی بەڕازیل ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 1,179 کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی پێوانەییە لەو وڵاتەدا.

وەزارەتی تەندروستی بەڕازیل ئەوەشی خستەڕوو تاوەکو ئێستا 271,628 کەس توشی پەتای کۆرۆنا بوون و 17,971 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمەش یەکەمین جارە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە بەڕازیل 1000 کەس تێبپەڕێنێت، ئەگەر هاتوو حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەوشێوەیە بەردەوام بێت لە هەڵکشان ئەوا وڵاتەکە زووتر لەوەی پێشبینی کراوە دەگاتە لوتکەی پەتاکە.

ڕۆژی دووشەممە بەڕازیل بووە سێیەمین وڵات لە زۆرترین ژمارەی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی 72 کاتژمێردا پێش هەریەک لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا کەوت و لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی شەشەمەوە هاتە پلەی سێیەم.

شارەزایان دەڵێن ژمارەی توشبووان و گیان لەدەستدان لە بەڕازیل زۆر زیاترە لەوەی کە ڕادەگەیەنرێن بەهۆی ئەوەی پشکنینەکان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمن و ژمارەی توشبووان لە ڕاستیدا لەوانەیە 15 هێندەی ئەو ژمارەیە زیاتر بێت کە بە فەڕمی ڕادەگەیەنرێت.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردووەوە لە چین، تاوەکو ئێستا پەتای کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهاندا بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی لانی کەم 320,255 کەس.

هەروەها ژمارەی توشبووانیش لە 196 وڵاتدا 4,670,000 کەسن، ژمارەی ئەو کەسانەشی چاکبوونەتەوە 770,500 کەسن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG