Accessibility links

نزیکەی 7هەزار حاڵەتی نوێی تووشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران لە شەوێکدا


ئاماری ڕۆژانەی مردن لە ئێران بە هۆی کۆڤید-19وە ئەمڕۆ دوبارە بەرزبووەتەوە و هەواڵەکان باس لە مردنی 346 کەسی دیکە دەکەن لە ماوەی ڕۆژێکدا و ئەمەش کۆی مردنەکان لەو وڵاتەدا بەرزدەکاتەوە بۆ 33,299 کەس کە بەرزترین ژمارەی مردنەکانە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سیما سادات لاری، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، کە حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوونیش زیادی کردوە و گوتی کە 6968 حاڵەتی نوێی تووشبونیان تۆمار کردوە کە ئەمەش کۆی گشتی توشبووەکانی ئێران بۆ 581هەزار و 824 کەس بەرز کردووەتەوە. ئەو هەروەها وتی 4995 نەخۆشی کۆڤید-19 لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری چڕدان.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاندووە پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان، قۆم، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خۆراسانی باشور، سمنان، قەزوین، لوڕستان، ئەردەبیل، خوزستان، کرماشان، کهگیلویە و بویەرئەحمەد، گیلان، بوشهر، زەنجان، ئیلام، خۆراسان ڕەزەوی، مازندەران، ئەلبۆرز، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، مەرکەزی، کرمان، خۆراسانی باکوور، هەمەدان، یەزد و کوردستان لە دۆخی سووردان. دۆخی سوور نیشانەیە بۆ بەرزبوونەوەی تووشبون و بڵاوبوونەوەی زۆری ڤایرۆسەکە لە شوێنەکاندا.

وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت کە لە سەدا تەنها58%ی خەڵک پرۆتۆکۆڵ و ڕێنماییە تەندروستییەکان دەپارێزن.

پۆلیسی ئێران ئەمڕۆ بەو بۆنەوە هۆشداری بە هاوڵاتیان داوە بۆ بەکارهێنانی دەمامک، دەستی کردوە بە گەشت و چاودێری کردن. دەوترێت ئامانجی ئەم پڕۆژەیە "پێشگرتن و بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی کۆمەڵگەیە" .

پلانەکە لە تاران جێبەجێ دەکرێت و هێشتا دیار نییە کە ئایا لە شارەکانی دیکە ئەو وڵاتە جێبەجێ دەکرێت یان نا.

XS
SM
MD
LG