Accessibility links

ژمارەی مردوانی کۆڤید 19 ڕۆژی سێشەممە لە ئێران 229 کەس بووە


ئێران دوای چەند ڕۆژ لە هەڵکشانی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند کە 229 کەس بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە کە ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە یەک ڕۆژدا.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران سیما سادات لاری وتی " بە داخەوە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 229 لە هاونیشتمانیانی خۆمانمان لە دەستداوە."

بەم پێیەش تاکو ئیستا لە ئێران 14,634کەس بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەستداوە.

کۆماری ئێسلامی ئێران لە هەوڵی بەرنگاربوونەوەی شەپۆلی نوێی کۆڤید-19دا یە و ئامارەکان ئەوە پیشان دەدەن کە لە دوو مانگی ڕابردوودا ژمارەی تووشبوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە.

لاری هەروەها لە بارەی ژمارەی تووشبوانەوە وتی کە " تەنیا لە یەک ڕۆژدا 2,625 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون کە ئەمەش کۆی ئەو کەسانەی تاوەکوو ئیستا لەم وڵاتەدا تووش بوون دەگەیەنێتە 278 هەزار و 827 کەس.

بەرزبوونەوەی ژمارەکان وایکردوە کە کاربەدەستانی ئێرانی بەکارهێنانی ماسک بکەنە کارێکی زۆرەملێ و هەروەها ڕێگا بە پارێزگاکان بدەن کە کۆت و بەندی قورس بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە سەر شارەکاندا بسەپێنن.

XS
SM
MD
LG