Accessibility links

جارێکی دیکە ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا لە هەڵکشاندایە


دووبارە بەرزبوونەوەی ڕێژەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستی جیهاندا بووەتە جێی نیگەرانی زۆرێک لە وڵاتان و ئەمەش وایکردووە زۆربەیی ئەو وڵاتانە رێوشێنەکانی هاتوچۆ و کردنەوەی شوێنە گشتیەکان سنوورداربکەن.

هەرچەندە سنووردارکردنەکە لە هەندێک لە شارەکاندا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بووەتەوە، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت؛ نەوەک تەنها حکومەتەکان بەڵکو خەڵک و کاردارییەکانیش دەبێت هاوکاربن لە هەوڵەکان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە. دەڵێت ئەگەر خەڵک کەرەنتین بکڕین ئەوا دەکرێت بەر بە بڵاوبوونەوەکە بگیرێت.

ماریا ڤان کیرخۆڤ سەرۆکی بەشی تەکنیکی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید-19 لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتی"کاتێک دەتوانین شوێنە گشتیـیەکان دانەخەین و کۆتۆبەندەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا نەهێڵین کە هەموو کەسێک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و ڕۆڵی خۆی ببینێت لە ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە." دەشڵێت " ئەو بڕیارانەی ڕۆژانە دەیدەین سەبارەت بە پاراستی مەودای کۆمەڵایەتی لە قەرەباڵغیدا و سەبارەت بە خۆلادان لە شوێنە داخراوەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژ و سەبارەت بە دواخستنی هەندێک لەو کۆبوونەوانەی کە ڕەنگە بمانەوێت بیکەین تێکڕا ئەمانە ئەو قوربانیدانەیە کە دەبێت هەموومان بیدەین."

ڕێکخراوەی تەندروستی جیهان هەروەها دەڵێت لە کۆی هەموو ئەو حاڵەتانەی کۆڤید کە لە هەفتەی ڕابردوودا تۆمارکراون 46% لە ئەوروپا بوون.

دکتور مایکڵ جۆزێف ڕایان سەرۆکی بەشی باری لەناکاوی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێبەری تیمێکی نێودەوڵەتی بۆ کونترۆڵکردنی کۆڤید-19 ڕایگەیاند و گوتی "گۆمان لەوەدا نییە کە هەرێمی ئەوروپا سەنتەری پەتاکەیە لە ئێستادا". ئەو گوتیشی "جووڵە و هاتووچۆیەکی ئازادانەی زۆر هەیە و لەبەر ئەمەش لەوانەیە پێویست بە داخستن و سنووردارکردنی هاتووچۆ هەبێت و هەروەها فەرمانی مانەوە لە ماڵەوە دەرکرێت بۆ دابەزینی ئەم بەرزبوونەوەیە لەم قۆناغەدا."

لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕێژەکە لەبەرزبوونەوەدایە، بەڵام خەڵکی هەندێک لە وڵاتەکان ڕایان جیاوازە لەسەر کاریگەری داخستنەکان. وەک دانیشتوانی ئیسپانیا کە ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر دوایین قەدەغەکانی هاتوچۆ کە لە کاتژمێر 11شەوەوە دەستپێدەکات تا 5 بەیانی.

سیسیڵیا وەک کارمەندێکی دانیشتووی ئیسپانیا دەڵێت کە "کۆت و بەندەکان پێویست بوون، کاتی ئەوەیە ڕێوشوێنی توندتر بگرنەبەر."

بەڵام ئەڵکسیای خوێندکار ڕای جیاوازە، دەڵێت " ڕەنگە قەدەغەکردنی هاتوچۆ پێوانەیەک بێت کە بە لای زوربە رادیکالانە بێت، بەڵام لە کۆتایـیدا پێموایە قەیرانی ئابوری قوڵتر دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک کاری نایاسایی زیاتر ئەنجامبدەن، لەبری ئەوەی زیاتر بەرپرسیاربن."

ئیسپانیا یەکێک لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە لە خراپترین دۆخدایە و زیاتر لە 1 ملیۆن حاڵەتی تووشبونی هەیە و ڕێژەکەی لە بەرزبوونەوەشدایە.

فێرناندۆ سیمۆن، ڕێکخەری فریاکەوتنی تەندروستی ئیسپانیا گوتی"ڕاستیەکەی ئەوەیە پەرەسەندن و تووشبوونەکە زۆر خێرایە ، زۆر بە ڕوونی لە بەرزبوونەوەدایە، ئەگەری زۆرە؛ ئەگەر کارەکان بە درووستی جێبەجێ نەکرێن ، گواستنەوە و تووشبوونەکان بە لانیکەمەوە تا هەفتەکانی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ڕێژەکان بەزر دەبنەوە."

هاوکات لە ئیتالیاش پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بە کار‌هێناوە بۆ بڵاوکردنەوەی خۆپیشاندەران کە تووڕەن لەو کۆتوبەندە نوێیانە کە داوا دەکات کافێتریا و ریستورانت و شوێنە گشتیەکان لە کاتژمیڕ 6 ی ئێوارەوە دابخرێن.

ئیتاڵیا لە سەرەتای دەستپێکردنی پەتاکەوە تاکو ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەیسی تووشبوونی نەخۆشیـیەکەی تۆمار کردووە.

XS
SM
MD
LG