Accessibility links

لە کاتێکدا حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆڤید-19 هەتا دێت زیاتر دەبێت، هەندێک لە کارمەندانی تەندروستی بە پەرۆشنین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین


نێوەندی لێکۆڵینەوەی جۆنس هۆپکنس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ژمارەی حالەتەکانی کۆڤید-19 لە سەرانسەری جیهاندا خەریکە دەگاتە 90 ملیۆن حالەت.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ژمارەی حاڵەتەکانی لە هەمو جیهان زیاترەو هەتا ئێستا نزیکەی 22 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. پاش ئەمەریکاش هندستانە کە ژمارەکەی نزیکەی 10 ملیۆن نیو دەبێت.

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا نزیکەی 300 هەزار حاڵەتی نوێی تۆمار کرد ئەمەش هەتا ئێستا زۆرترین ژمارە بووە لە ڕۆژێکدا.

لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە لە ژمارەیەک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا تا دێت بەرزتر دەبێتەوە، سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن دەڵێت ئەو بڕوای بە خێرایی بڵابوونەوەی ڤاکسینەکانی کۆڤید هەیە جا هەر کەسێک بیەوێت بەردەستی بکەوێت. بەشەی دووهەمی ڤاکسینەکەش هەفتەی پاش بەشی یەکەمی لێدەدرێت.

شارەزای نەخۆشییە درمییەکان دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند هیوادارە کتێک بایدن بێتە سەر دەسەڵات، ئەمەریکا بتوانێت ڕۆژانە 1 ملیۆن ڤاکسین بۆ ئەمەریکاییەکان ئامادە بکات هەروەک چۆن سەرۆکی هەڵبژێردراو ئاماژەی پێکردووە.

هەرچەندە لەگەڵ ئەم پەرەسەندنەدا چەند شتی تریش بڵاو بۆتەوە. ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد ڕادەگەیەنێت هەندێک لە کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکان و خانەی بەساڵاچووان دوودڵن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە. ئاژانسەکە دەڵێت لێکۆڵینەوەیەکی دەریخستووە لە هەندێک شوێن تەنانەت لە سەدا 80ی کارمەندانی تەندروستی وەرگرتنی ئەو ڤاکسینەیان ڕەتکردۆتەوە.

پزیشکێک بە AP گوتووە دەخوازێت چەند مانگێک چاوەڕوان بکات بۆ ئەوەی بزانێت " ئامارەکان چی دەڵێن." ئەو گوتوشیەتی " پێم وانییە کەس بیەوێتتاقیکردنەوەی لەسەر بکرێت."

پەرستارێکیش دەڵێت بەهۆی نەزانینی "کاریگەرییە لاوکییەکانی " ڤاکسینەکەوە، کوتانەکەی دژ بە ڤایرۆسەکە ڕاگرتووە.

هەرچەندە ژمارەیەک لە شارەزایانی تەندروستی ئەو دوودڵیانە پێچەوانە دەکەنەوە. بەڕێوەبەری بنکەیەکی تەندروستی بە AP ڕاگەیاند " یەكێک لە شتە گەورەکانی کە هاوکاریکردنی بۆ بەدەستهێنانی متمانە ئەوە بوو دەمانبینی ئەندامانی تری ستافەکەمان ڤاکسینەکەیان لەخۆیان دەدا، ئەوان باش بوون و هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەبوو."

لە هەمانکاتدا هەندێک لە وڵاتانیش بەکاوەخۆ کاردەکەن و دەیانەوێت ببینن کاریگەرییەکانی چۆن دەبێت. ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی دەڵێت ئوسترالیا، نیوزیلاند، تایوان، ژاپۆن و کۆریای باشور ئەو وڵاتانەن کە بڕیاریان داوە جارێ بزانن ئەنجامی ڤاکسینەکە لە جیهاندا چۆن دەبێت.

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریۆسیس، ڕۆژی هەینی داوای لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکانی کۆڤید-19و وڵاتانی دەوڵەمەند کرد کە هاوکاری بکەن لە دابین کردنی ڤاکسین بۆ وڵاتە هەژارەکان. ئەو گوتی ئەو 42 وڵاتەی کە دەستیان بە کوتانی دژی کۆرۆنا کردووە زۆربەیان وڵاتە دەوڵەمەندەکانن و ژمارەیەکیش وڵاتی مامناوەندی تێدایە.

XS
SM
MD
LG