Accessibility links

چی لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەزانین


بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و کۆمەڵێک وڵات و ناوچەی دیکە شارەزایانی تەندروستی نیگەران کردووە، چی دەربارەی ئەم ڤایرۆسە دەزانین.

ئەم ڤایرۆسە تا چەند مەترسیدارە؟

خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڤایرۆسەکانی هەڵامەت و نەخۆشی سارس و نەخۆشی مێرس دەگرێتەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە پێشتر نەخۆش بوون یاخود خەڵکی بەتەمەن بوون، ئەوانەی کە بەرگری لەشیان کەمبۆتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا نیشانەی زۆرە لەوانەش هەڵامەت و کۆکە و تەنگە نەفەسی.

ئامارەکانی چین ئاماژە بەوە دەدەن لە سەدا 2 ی ئەو کەسانەی توشی ڤایرۆسەکە بوون گیانیان لەدەستداوە، دەڵێن ئەم ڤایرۆسە لە ڤایرۆسی هەڵامەت مەترسیدارترە بەڵام لە ڤایرۆسی سارس کوشندەتر نیە. ڤایرۆسی سارس لە سەدا 10 ی ئەو کەسانەی کوشت کە توشی ببون. ڤایرۆسی مێرس لە ساڵی 2012 دا لە سەدا 35 ی ئەو کەسانەی کوشت کە توشی ببوون.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت زۆرترین ڕێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەو کەسانەدایە کە تەمەنیان لە 80 ساڵ زیاترە. زاناکان ئەم ڤایرۆسەیان ناوناوە 2019-nCov.

چۆن دەگوازرێتەوە و چۆنیش دەتوانیت خۆت بپارێزیت؟

ئەم ڤایرۆسە دەکرێت لەڕێی دڵۆپەیەکی بچووکەوە بگوازرێتەوە کاتێک کەسی توشبوو هەناسە دەداتەوە یاخود کاتێک دەپژمێت، هەروەها دەکرێت لەڕێی دەست لێدان لە شتی میکرۆباوییەوە بگوازرێتەوە، لەوانەش دەسکی دەرگا.

شارەزایانی تەندروستی دەڵێن ئەم ڤایرۆسە لە ڤایرۆسی سارس ئاسانتر دەگوازرێتەوە. باوەڕ وایە ماوەی نێوان توشبوون بە ڤایرۆسەکە و دەرکەوتنی نیشانەکان 14 ڕۆژ بێت. کەسێک دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی نەخۆشیەکە بگوازێتەوە بۆ کەسێکی دیکە پێش ئەوەی نیشانەکانیشی تیادا دەربکەوێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری ئەوە دەکات خەڵک بە بەردەوامی دەستیان بشۆن و کاتێک دەپژمن یاخود دەکۆکن دەست بە دەم و لوتیانەوە بگرن، هەروەها خۆیان بەدووربگرن لەو کەسانەی نەخۆشن.

ئایا دەمامک بەستن سوودی هەیە؟

شارەزای تەندروستی سیلڤی برایاند دەڵێت " ئێمە پێشنیاری بەکارهێنانی دەمامک دەکەین بۆ ئەو کەسانەی کە نیشانەکانیان تیادا دەرکەوتووە، چونکە ڤایرۆسەکە لەڕێی دڵۆپەی بچووکەوە دەگوازرێتەوە."

بەڵام گرەنتی ئەوە ناکەن ئەم دەمامکە تەواو بیانپارێزێت لە توشبوون بە ڤایرۆسەکە.

برایاند وتی " ئەو کەسانەی کە نیشانەکانیان تیادا دەرنەکەوتووە، دەمامک هیچ سوودی نیە."

ئایا هیچ چارەسەرێکی هەیە ؟

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تا ئێستا هیچ کوتانێک نیە بۆ چارەسەرکردنی توشبووان.

زانایانی چینی توانیان زنجیرەی بۆماوەیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بناسنەوە و بڵاویان کردەوە. زانایان لە ئوستڕاڵیا توانیویانە ڤێرژنێک لەو ڤایرۆسە لە تاقیگەدا دروست بکەنەوە، بەمەش هەنگاوێک لە دروستکردنی کوتانەکە نزیک بوونەتەوە.

دەرمانسازان لە سەرتاسەری جیهاندا پێشبینی ئەوە دەکەن لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا ئەو کوتانانەی کە بۆ تاقیکردنەوە دروست کراون لەسەر مرۆڤ تاقی بکرێنەوە.

لە کوێ بڵاوبۆوە؟

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت لە سەدا 99 ی زیاتر لە 40,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە، لە چین بوون. 300 حاڵەتی دیکەی توشبوون لە 24 وڵاتی دیکە تۆمارکراون.

زیاتر لە 900 کەس لە چین گیانیان لەدەستداوە، زۆربەیان لە شاری وهان و دەوروبەری بوون، لەوێ ڤایرۆسەکە سەری هەڵدا. کەسێکی دیکە لە هۆنگ کۆنگ بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستدا، بە هەمان شێوە کەسێکی دیکە لە فیلیپین، هەردووکیان دوای ئەوەی سەردانی وهانیان کردووە گیانیان لەدەستداوە.

ئەو وڵاتانەی حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تیایاندا زۆرە لە دوای چین، ژاپۆن و سینگاپوور و تایلاندن.

لە ماوەی تەنها 48ڕۆژدا 1000 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون. بەڵام بۆ ڤایرۆسی سارس 135 ڕۆژی پێچوو تاوەکو 1000 کەس توشی بوون.

کاربەدەستان چی دەکەن ؟

حکومەتی چین هەرێمی هوبی داخست، کۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەکە و وهانی پایتەختی هەرێمەکە 60 ملیۆن کەسە.

زۆرێک لە حکومەتەکانی جیهان گەشتە ئاسمانییەکانیان بە ڕووی چیندا داخستووە.

ئەمەریکا و ئوستڕاڵیا قەدەغەیان کردووە ئەو بیانیانەی لەمدواییانەدا سەردانی چینیان کردووە بێنە ناو وڵاتەکانیانەوە.

زۆربەی وڵاتان هاوڵاتیانیان لە هوبی و وهان دەرهێناوە و پێش ئەوەی بهێندرێنەوە بۆ ناو وڵاتانی خۆیان شوێنیان بۆ دابین کردوون تاوەکو پشکنینی تەندروستیان بۆ بکرێت.

ڤایرۆسەکە لەکوێوە سەری هەڵداوە ؟

باوەڕوایە ڤایرۆسەکە لە بازاڕەکانی خواردن لە وهانەوە سەری هەڵدابێت کە لەوێ بەشێوەیەکی نایاسایی گیاندارە کێوییەکان دەفرۆشن. شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە دروست بووە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG