Accessibility links

ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا 5 ملیۆن تێدەپەڕێنێت


ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهاندا 5 ملیۆن کەسی تێپەڕاند لەکاتێکدا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەمەریکای لاتین پێش ئەمەریکا و ئەوروپا کەوت.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا 91,000 کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، سێیەکی ئەو ژمارەیە لە ئەمەریکای لاتین بوون. هەروەها ئەمەریکا و ئەوروپا هەر یەکێکیان لە سەدا 20 ی ئەو ژمارەیە توشبوویان هەبووە.

زۆرینەی توشبووان لە بەڕازیل بوون کە لەمدواییانەدا پێش هەریەک لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا کەوت و بووە سێیەمین وڵات لە زۆرترین ژمارەی توشبوودا، لە دوای هەریەک لە ئەمەریکا و ڕوسیاوە دێت.

لە 10ی مانگی یەکی ئەم ساڵدا بۆ یەکەمین جار 41 کەس لە وهانی چین توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، تاوەکو 1 ی مانگی چوار یەک ملیۆن کەس لە جیهاندا توشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو کاتەوە لە هەر دوو هەفتەیەکدا 1 ملیۆن کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون.

تاوەکو ئێستا پەتای کۆرۆنا بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 326,000 کەس، بەڵام باوەڕ وایە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە وڵاتان هێشتا پشکنینەکان بۆ ڤایرۆسەکە تیایاندا سنووردارە، هەروەها زۆرێک لە وڵاتانیش جگە لەوانەی لە نەخۆشخانەکان گیان لەدەستدەدەن ئەوانی دیکە هەژمار ناکەن. زیاتر لە نیوەی گیان لەدەستدانەکانیش لە ئەوروپا تۆمارکراوە.

سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە، زۆرێک لە وڵاتان خوێندنگا و شوێنی کارەکانیان کردۆتەوە و ئەوەش بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG