Accessibility links

نوێنەرانی ئەمەریکا نیگەرانن سەبارەت بە هەواڵی ڕەوانەکردنی چەک لەلایەن سعودیەوە بۆ گروپە توندڕەوەکانی یەمەن


سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئیلیەت ئێنجڵ
سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئیلیەت ئێنجڵ

نوێنەرێکی باڵای ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو هەواڵانەی کە گوایە سعودیە چەکی ڕەوانەی گروپە توندڕەوەکانی یەمەنی کردووە.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی دووشەممە ئاماژەی بەوەدا سعودیە و ئیماڕات چەکی ئەمەریکییان گواستۆتەوە بۆ گروپێکی چەکدار کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی قاعیدەوە هەیە و کۆمەڵێک گروپی دیکەی توندڕەو، ئاماژەشی بەوەدا هەندێک لە چەکەکان گەیشتۆتە دەستی ئەو چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

نوێنەری دیموکرات و سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئیلیەت ئێنجڵ لەمیانەی یەکێک لە دانیشتنەکاندا وتی " ئەم ڕاپۆرتانە زۆر جێی نیگەرانین و پێویستە لەسەر بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لێکۆڵینەوەی زیاتر بکات و کار بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بەبێ ئەوەی جارێکی دیکە ئەوە دووبارە ببێتەوە."

ئێنجڵ وتی " ئایا دەبێت کۆنگرێس کۆتوبەندی زیاتر بسەپێنێت بەسەر ئەو چەکانەدا کە دەگاتە دەستی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە؟" جێی ئاماژەیە ئەینجڵ مافی ئەوەی هەیە وەکو سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پێداچوونەوە بە فرۆشتنی چەکە گەورەکاندا بکاتەوە کە دەفرۆشرێن بە دەرەوە و دەتوانێت ئەو فرۆشتنانە ڕابگرێت.

بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی خراپ بەکارهێنانی ئەو چەکانە بەجددی وەردەگرن. وتیشی " ئێمە ئاگاداری ئەو هەواڵانەین و هەوڵدەدەین زانیاری زیاترمان دەست بکەوێت."

ئەمەش نوێترین بێ ئومێدی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە لە سعودیە. ئەندامانی کۆنگرێس تووڕەبوونی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی یەمەن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی سعودیەدا لە ئیستەنبوڵ.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ژمارەیەک پڕۆژە یاسایان پێشکەش کرد کە ئامانج لێیان سەپاندنی کۆتوبەندە بەسەر مامەڵەکانی واشنتن لەگەڵ ڕیازدا، ئەمەش کەمکردنەوەی فرۆشتنی چەک و ڕاگرتنی هاریکاری سەربازیی لەگەڵ هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە و سەپاندنی سزا بەسەر هاوپەیمانێتیەکەدا بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە دەگرێتەوە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ زۆرێک لەو پڕۆژە یاسایانەی ڕەت کردەوە، سعودیەی بە هاوبەشێکی گرنگ لە ناوچەکەدا ناودێر کرد و وتی فرۆشتنی چەک بە سعودیە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەمەریکییەکان.

هیچ کام لەو پڕۆژانە نەبوون بە یاسا، بەڵام ئێنجڵ وتی لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی تاوەکو وەڵامدانەوەیەکی دەست دەکەوێت لەسەر کوژراو و بریندارەکانی یەمەن و کوژرانی خاشقچی و زیندانیکردنی چالاکەوانانی مافی مرۆڤ. ئەینجڵ وتی " نابێت ئەمە ببێتە شتێکی ئاسایی و هەمیشەیی. دەمانەوێت فشار بکەین لەپێناو گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەدا لە ڕەفتارەکانی سعودیەدا."

نوێنەری باڵای کۆمارییەکان لە لیژنەکەدا مایکڵ مککۆڵ وتی کوژرانی خاشقچی گەورەترین نسکۆیە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعودیەدا و هەروەها سەرکۆنەی کوژران و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی کرد لە یەمەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG