Accessibility links

کاردانەوەی کۆنگرێس دژی پشتیوانیکردنی دادگای باڵای ئەمەریکا بۆ قەدەغەکردنی گەشت


ناڕەزایی دەربڕین دژی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکا بۆ پەسەندکردنی قەدەغەکردنی گەشت

ڕۆژی سێشەممە دادگای باڵای ئەمەریکا پشتیوانی لە بڕیارەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ کرد سەبارەت بە قەدەغەکردنی گەشت و ڕێگە نەدان بە گەشتکردنی دانیشتوانی پێنج وڵاتی زۆرینە موسوڵمان بۆ ئەمەریکا، ئەمەش بووە هۆی سەرکەوتنی یەکێک لە سیاسەتە پڕ مشتومڕ لەسەرەکانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ.

لە بڕیارێکدا، دادگا فەرمانیدا بەوەی کە سەرۆک دەسەڵاتی دەستووری هەیە لەژێر یاساکانی کۆچدا بۆ سنووردارکردنی گەشتکردن لە وڵاتانی بیانییەوە بۆ ئەمەریکا، بەهۆی هۆکاری ئاسایشی نیشتیمانیەوە.

ئەم بڕیارەی دادگای باڵای ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردن یاخوود پەسەندکردنی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ قەدەغەکردنی گەشت، کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە لەناو کۆنگرێسی ئەمەریکادا.

یاسادانەرە دیموکراتەکانی وەکو سیناتۆر بۆب مێنیدێز ڕەخنەیەکی توندی گرت لە بڕیارەکەی دادگای باڵا و وەکو پەڵەیەک بەسەر ئەمەریکاوە ناودێری کرد.

مێنیندێز وتی " ئەمڕۆ ڕۆژێکی ناخۆشە لە مێژووی وڵاتەکەدا. ئێمە چرای ڕێپیشاندەری جیهانین بەهۆی ئەوەی کە لەنێو هەموو شتەکاندا ڕێز لە ئازادی ئایینی دەگرین. وە پێم وایە بڕیارەکەی دادگای باڵا لێدانێکە لەو ڕێسایە."

بەپێچەوانەوە، سەرۆکی لیژنەی دادوەری سینات، سیناتۆری کۆمارییەکان چەک گراسلی لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە دادگای باڵا بەپێی ئەو بەڵگانەی کە سەرۆک پەیڕەوی یاسایی کردووە ئەو بڕیارەی دەرکردووە، وە زۆرینەش ڕازی بوون لەسەر ئەوەی کە هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی بڕوا بکەین کە ئاسایشی نیشتیمانیمان جێی نیگەرانییە."

سیناتۆری کۆمارییەکان تۆم تیلیس وتی سەری نەسوڕماوە لەوەی کە دادگای باڵا بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی پەسەند کردووە. هەروەها هیوای خواست لە داهاتوودا ئەو قەدەغەکردنی گەشتە لاببرێت، بەڵام وتیشی " ئێمە هەمیشە نیگەرانین لەوەی کۆمەڵێک ئەکتەری خراپ سوێندیان خواردووە کە ئازاری ئەمەریکییەکان بدەن."

هەروەها سیناتۆرێکی دیکەی کۆمارییەکان جێف فلەیک کە لە ڕابردوودا ڕەخنەی لە سەرۆک ترامپ گرتووە سەبارەت بە بڕیارەکە وتی " پێم وانیە ئەوە ژیرانە بێت، پێم وانیە ئەوە ببێتە هۆی باشتربوونی ئاسایشی نیشتیمانی. بەڵام پێم وایە کە ئەوە بڕیارێکی دەستوورییە."

سیناتۆری دیموکراتەکان بێن کاردین وتی بڕیارەکەی دادگای باڵا زۆر جێی نائومێدییە. وتی " ئەوە نیشانەیەکی دیکەیە دژی ئەمەریکا و ئەو بەهایانەی کە زۆر لەلامان ئازیزن."

هەروەها سیناتۆر کریس مێرفی کە بە هەمان شێوە سەر بە دیموکراتەکانە وتی " ئەم دادگای باڵایە مۆڵەت دەدات بە کۆشکی سپی تاوەکو جیاکاری بکات لەسەر بنچینەی نیشتیمانی یاخوود ئایینی، کە ئەوەش ڕاستەوخۆ پێچەوانەی ئەوەیە کە من فێری بووم و خۆشم دەوێ لەبارەی ئەم وڵاتەوە."

سیناتۆری کۆمارییەکان و سەرۆکی لیژنەی دادوەری بۆب گودلات وتی " سەرۆک ترامپ بەپێی یاسا و دەستوور دەسەڵاتی هەیە کۆچ سنووردار بکات کاتێک کە بەرژەوەندییە ئاسایشییە نیشتیمانییەکەمان پێمان دەڵێت کە دەبێت وابکەین."

هەروەها ڕابەری کەمینەکانی ناو ئەنجومەنی سینات نانسی پێڵۆسی وتی بڕیارەکەی دادگای باڵا مەترسیدارە و بەهاکانی ئەمەریکا و دەستوور کەم دەکاتەوە."

هەروەها باربەرا لی وتی " ئەمە ڕۆژێکی ڕەشە بۆ ئەمەریکا، بەڵام بڕیارەکە کەسایەتی وڵاتەکەمان ناگۆڕێت، دەشزانم کە ئەم شەڕە هێشتا تەواو نەبووە."

سەرۆکی داد جۆن ڕابەرت ڕای زۆرینەی ڕاگەیاند، نوسیویەتی بەیاننامەکەی مانگی نۆی ساڵی 2017ی سەرۆک ترامپ بۆ سنووردانان بۆ گەشتکردن " لەناو بازنەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیدایە" بەپێی یاسای کۆچ.

ڕابەرت نوسیویەتی سەرۆک ترامپ بەدڵنیاییەوە داواکارییەکانی بەندی کۆچ و نەتەوەیی ساڵی 1965 ی جێبەجێ کردووە کە تیایدا هاتنە ناوەوەی خەڵکی بیانی بۆ وڵاتەکە بەپێی بەرژەوەندی ئەمەریکا دیاری دەکرێت.

ڕابەرت نوسیویەتی داواکارانی ناو دۆسییەکە_ ویلایەتی هاوای، پێکەوەیی موسوڵمانان لە هاوای و سێ دانیشتوانی ویلایەتەکە، شکستیان هێناوە لەوەی کە بیسەلمێنن قەدەغەکردنی گەشتەکە پێشێلی بەندی یەکەمی دەستووری ئەمەریکای کردبێت، کە تیایدا هیچ ئاینێک بەسەر ئاینێکی دیکەدا ناسەپێنێت.

بڕیارەکە لەلایەن زۆرینەوە پێشبینی کراوە. لەسەر بابەتەکانی کۆچ و ئاسایشی نیشتیمانی، دادگا بەدرێژایی مێژوو بڕیارەکەی دواخستووە بۆ لقی جێبەجێکاری حکومەت. لەماوەی مشتومڕەکاندا لەسەر دۆسییەکە لە مانگی چواردا، زۆربەی دادوەرەکان وادیاربوون پێشوازیی لەو نەریتە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە چوار دادوەرە ئازادبیرەکەی دادگاکە خۆیان دابڕی لە بڕیارەکەی سێشەممە.

دادوەر سۆنیا سۆتۆمەیەر نوسیویەتی بڕیارەکە "کێشەیە" و بەستوویەتیەوە بە بڕیارەکەی دادگای باڵاوە لە ساڵی 1944 دا کە تیایدا بڕیاریدا حکومەتی ئەمەریکا دەسەڵاتی هەبێت ژاپۆنییە ئەمەریکییەکان لە کامپەکانی گرتن جێگیر بکات لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا.

وتیشی " مێژوو بەسۆزەوە سەیری بڕیارە بە هەڵە ئاڕاستەکراوەکەی ئەمڕۆی دادگا ناکات، ناشبێت وا بکات."

لەژێر قەدەغەکردنی گەشتەکەی ئێستادا کە لە مانگی نۆدا بڕیاری لەسەر درا دوای ئەوەی دادگاکان دوو فەرمانی سەرۆکایەتیان سڕ کرد، هاوڵاتیانی پێنج وڵاتی زۆرینە موسوڵمان، ئێران و لیبیا و سۆماڵ و سوریا و یەمەن و هەروەها کۆریای باکووریش قەدەغەکرا لەسەریان گەشت بکەن بۆ ئەمەریکا. هەروەها بڕیارەکە هەندێک لە بەرپرسانی ڤەنزوێلا و خێزانەکانیشیانی گرتەوە. هەروەها وڵاتی چاد لەسەرەتادا لەو لیستەدا بوو بەڵام لە مانگی چواردا بڕیارەکەی لەسەر لابرا.

ئەم بڕیارە نزیکەی 17مانگە شەڕی لەسەر دەکرێت لەنێوان بەڕێوبەرایەتییەکدا کە سوورە لەسەر ئەوەی بەرگری لە فەرمانەکانی سەرۆک بکات سەبارەت بە گەشت بەپێی بنەماکانی ئاسایش و ڕکابەرەکانیان کە دەڵێن ئەوە قەدەغەکردنێکی فیکرییە دژی موسوڵمانە بیانیەکان.

دوای بڕیارەکەی ڕۆژی سێشەممە، سەرۆک ترامپ لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خەڵکی ئەمەریکا و دەستوور."

سەرۆک ترامپ وتی " لەم سەردەمی تیرۆر و جوڵەنەوەی توندڕەوانەدا کە سوورن لەسەر ئازاردانی هاوڵاتیانی بێتاوان، دەبێت بەگونجاوی پشکنین بۆ ئەو کەسانە بکەین کە دێنە ناو وڵاتەکەمانەوە."

چالاکەوانانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانی کۆچ سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد و بەڵێنیاندا کە بەردەوام بن لە شەڕکردن.

پارێزەرە موسوڵمانەکان، ڕێکخراوێکی واشنتنە بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی دادگا جەختی لە قەدەغەکردنی گەشتە ڕەگەزپەرستییەکەی سەرۆک ترامپی کردەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ جیاکاری ئاینی و دوژمنایەتی هەڵکرد.

یەکیەتی ئازادی ئەمەریکا لە تویتەر نوسیویەتی " ئەمە یەکەم جار نیە دادگا هەڵە بێت یاخوود ڕێگەی دابێت بە ڕەگەزپەرستی و ڕق لە بێگانەبوون بەردەوام بێت لەجیاتی ئەوەی دژی بوەستنەوە."

یەکەمین جار بڕیاری قەدەغەکردنی گەشت لە مانگی یەکی ساڵی 2017 دا دەرکرا بەڵام ڕووبەڕووی قورسایی یاسایی بۆوە، لەکۆتاییدا بڕیارەکە لە پایزی ساڵی ڕابردوودا لە دادگای باڵا پەسەند کرا و جێبەجێکرا.

یەکەمین بڕیاری قەدەغەکردنی گەشت تەنها حەوت ڕۆژ دوای دەست بەکاربوونی سەرۆک ترامپ لە پۆستەکەی ڕاگەیەنرا، تیایدا قەدەغەکردنی گەشت بۆ ماوەی 90 ڕۆژ لە حەوت وڵاتە موسوڵمانەکەوە بۆ ئەمەریکا ڕاگەیەنرا، بەڵام لەلایەن دادگاکانەوە ڕەت کرایەوە.

دووەم قەدەغەکردنی گەشت، لە شەشی مانگی سێدا واژۆ کرا و عێراق لە لیستەکەدا لابرا، بەڵام بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی قورسایی بۆوە لە دادگادا، مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو بەێوبەرایەتییەکە بڕیارەکەی گواستەوە بۆ دادگای باڵا.

لە مانگی 10 دا دادوەرەکان ڕازی بوون گوێ لە مشتومڕەکانی سەر دۆسییەکە بگرن، لەکاتێکدا بڕیاریاندا بەشێکی بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.

بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکە سوور بوو لەسەر بڕیارەکە و ئەمجارەیان سودانیان لە لیستەکە لابرد و چاد و کۆریای باکوور و ڤەنزێلایان زیاد کرد، ئەمەش وایکرد ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیارەکە قورستر ببێت چونکە کۆریای باکوور و ڤەنزوێلای تێدا بوو کە زۆرینە موسوڵمان نین و قورس بوو بوترێت بڕیاری قەدەغەکردنی گەشت ئامانج لێی موسوڵمانەکانە.

ویلایەتی هاوای و پێکەوەبوونی موسوڵمانان لە هاوای و سێ دانیشتوانی ویلایەتەکە هەوڵیاندا ڕووبەڕووی بڕیاری سێیەمی قەدەغەکردنی گەشت ببنەوە لە دادگادا، وتیان کە بڕیارەکە پێشێلی دەستووری ئەمەریکا و بەندی کۆچ و نەتەوەیی ساڵی 1965 دەکات، ئەمەش وای لە بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد دۆسیەکە جارێکی دیکە ڕەوانەی دادگای باڵای ئەمەریکا بکات.

ویلایەتی هاوای هەوڵی دەدا بزانێت کە ئایا نوێترین قەدەغەکردنی گەشت سنووری دەسەڵاتەکانی سەرۆکی بەزاندووە سەبارەت بە کۆچ یاخوود ئایا بەندی دەستووری پێشێل کردووە لەوەی کە موسوڵمانەکانی کردۆتە ئامانج یاخوود نا.

کریستی دی پێنای پارێزەر و بەڕێوبەری کۆچ لە سەنتەری نیسکانینی ئازادیخواز وتی بڕیارەکەی دادگا لەوانەیە ببێتە هۆی قەدەغەکردنی گەشتی زیاتر.

دی پێنا وتی " دەتوانم بە بێ گومانەوە بڵێم ئەوە وا لە بەڕێوبەرایەتییەکە دەکات قەدەغەکردنی گەشت زیاتر بکات، یان هاوشێوەی ئەوانی دیکە، یان قەدەغەکرد نوێ. ئەوە تەنها پەیوەندی بە کاتەوە هەیە نەک ئەگەر."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG