چین ڕایگەیاند ئامادەیە پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە تاوانکارییەکانی یەمەن بکات و هەروەکو چۆن نوێنەری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد، بەڵام هەریەکە لە سعودیە و ئەمەریکا دەڵێن پشتیوانی لەو بیرۆکەیە ناکەن.
بۆ ماوەی سێ ساڵە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمیر زەید بن ڕەعد حسێن داوا لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن سەبارەت بە جەنگی یەمەن کە بۆتە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەمەوە دەیان هەزاران کەس و ڕووخاندنی باری ئابووری وڵاتەکە و هەروەها بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و برسێتی لە وڵاتەکەدا.
سەرەڕای داواکانی ئەمیر زەید نەتەوە یەکگرتووەکان دووجار پشتیوانی لە پێشنیارەکەی سعودیە کردووە کە یەمەن خۆی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات.
هۆڵەندا و کەنەدا نوسراوی بڕیارەکەیان ئاشکرا کرد کە تیایدا داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆ دەکات بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لەو کەسانە بکات کە مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە و تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، زۆرینەی وڵاتان پشتیوانیان لە نوسراوەکە کرد کە لە سێ لاپەڕە پێکهاتووە.
نوێنەری چین وتی " ئێمە پشتیوانی لەم جووڵانە دەکەین و پشتیوانی لە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەکەین کە هانی چارەسەرێکی سیاسی بدات بۆ ڕەوشەکەی یەمەن." وتیشی بەڕیتانیا و ئەمەریکا دەیانەوێت لەسەر یەک بڕیار ڕێکبکەون.
سیاسەتمەداری ئەمەریکی میشێل ڕوبێت لە کۆبوونەوەیەکدا وتی " ئێمە لەوە دەترسین کە پێکهێنانی ئەم لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتییە سەربەخۆیە نەمانبات بەو ئاڕاستەیەدا کە دەمانەوێت."
سعودیەش کە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی عەرەب دەکات و لەدژی حوسیەکانی یەمەن شەڕ دەکات وتی ئێستا کاتێکی گونجاو نیە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی.
سەرەڕای ئەوەی ئەمیر زەید بن ڕەعد وتی یەمەن لەئێستادا ناتوانێت لێکۆڵینەوە لەو جەنگە ئەنجام بدات کە لە خاکەکەیدا ڕوودەدات، باڵیۆزی سعودیە عەبدولعەزیز واسڵ وتی لە ئێستادا لیژنەی نیشتیمانی یەمەنی لە بارودۆخێکی باشدایە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە.
عەبدولعەزیز بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە ڕەخنەمان نیە لەسەر لێکۆڵینەوەکە خۆی. بەڵام قسەمان لەسەر کاتەکەی هەیە و ئێستا کاتەکەی گونجاو نیە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی لەنێو قورساییەکانی ناو یەمەندا."
جۆرجێت جاجنۆنی بەڕێوبەری ئەرکە مەیدانییەکانی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی" لیژنەی یەمەنی بۆ مافەکانی مرۆڤ سەر بە لایەنێکی جەنگەکەیە و ئەو لایەنە دایمەزراندووە و کۆمەکی دەکات و ڕاپۆرتەکانی دەداتی، بۆیە ناتوانێت لێکۆڵینەوەیەکی چالاک ئەنجام بدات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز