Accessibility links

سەرۆک ترامپ بەڕێوبەری ئێف بی ئای لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە


سەرۆک ترامپ جەیمس کۆمی بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئێف بی ئای لە پۆستەکەی دوورخستەوە و وتی ئەو چیتر ناتوانێت بە باشی بەڕێوبەرایەتی دەزگاکە بکات.

سەرۆک ترامپ لە نامەیەکدا بۆ کۆمی کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە وتی " ئەوە زۆر گرنگە سەرکردەیەکی تر بدۆزینەوە بۆ ئێف بی ئای کە بتوانێت متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێتەوە و متمانەی بە ئەرکەکانی هێزەکانی پۆلیس هەبێت."

کۆشکی سپی ڕایگەیاند " گەڕان بەدوای سەرکردەیەکی تردا یەکسەر دەست پێدەکات."

وتەبێژی کۆشکی سپی شان سپایسەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرۆک ترامپ داواکەی دادوەری گشتی و جێگری دادوەری گشتی پەسەند کردووە سەبارەت بە لابردنی بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی."

شایەنی باسە بەڕێوبەرەکانی ئێف بی ئای بۆ ماوەی دە ساڵ بۆ ئەو پۆستە دیاریدەکرێن، کۆمی تەمەن 56 ساڵ چوار ساڵ لەمەوبەر دیاریکرا بۆ ئەو پۆستە.

ئێف بی ئای ئەمڕۆ کۆنگرێسی ئاگادارکردەوە لەوەی کۆمی زیادەڕۆیی کردووە لە یەکێک لە هەرە گرنگترین بابەتەکانی لێکۆڵینەوە لە ئیمەیڵەکانی هیلاری کلینتن کە لەماوەی گەواهیدانەکەیدا بۆ کۆنگرێس کۆمی وتبووی یاریدەدەرەکەی کلینتن هوما ئابیدن " سەدان هەزاران" ئیمەیڵی کلینتنی ناردووە بۆ هاوسەرەکەی کە ئەنتۆنی واینەری ئەندامی کۆنگرێسە، کاربەدەستانیش دەڵێن ژمارە ڕاستەکە زۆر لەوە کەمتر بووە.

مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو کۆمی وتی کلینتن زۆر کەمتەرخەم بووە لە پاراستنی ئەو ئیمەیڵانەی کە پەیوەست بووە بە ئاسایشی نیشتیمانیەوە لەکاتێکدا باڵاترین سیاسەتمەداری ووڵاتەکە بووە بەڵام هیچ تۆمەتێکی نەخرایە پاڵ.

دواتر لە مانگی دە ی ساڵی ڕابردوودا پێش هەڵبژاردنەکان کۆمی لێکۆڵینەوەکانی دووبارە دەست پێکردەوەچونکە ئێف بی ئای ئیمەیڵەکانی کلینتنی لەناو کۆمپیوتەرەکەی واینەردا دۆزیبۆوە.

کلینتن لۆمەی کۆمی کرد لەسەر ئەوەی دووبارە لێکۆڵینەوەکانی دەست پێکردۆتەوە کە کاتەکەی زۆر نزیک بوو لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانەوە لە هەشتی مانگی یانزەدا و ئەوەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کلینتن هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند. دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکان بەڕێوبەری ئێف بی ئای وتی دوای ئەوەی لێکۆڵەرەوەکان پێداچوونەوەیان بۆ کۆمەڵێک ئیمەیڵی تر کردووە هیچ شتێکی نوێیان نەدۆزیوەتەوە و لە کۆتاییدا بەهەمان شێوە هیچ تۆمەتێک نەدرایە پاڵ هیلاری کلینتن.

سەرچاوە / VOA

XS
SM
MD
LG