Accessibility links

هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دەڵێت سەدان هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکانیاندا لە عێراق و سوریا کوژراون


لە بەیاننامەیەکی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژی ڕێکخراوی داعش هاتووە دەڵێت نزیکەی 800 هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریادا کوژراون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بەبێ مەبەست بۆتە هۆی کوژرانی 801 هاوڵاتی مەدەنی لە ماوەی نێوان مانگی هەشتی ساڵی 2014 ەوە بۆ مانگی 10 ی 2017، جێی ئاماژەیە ئەو ژمارەیەی لە بەیاننامەکەدا هاتووە زۆر کەمترە لەو ژمارانەی کە لایەنە چاودێرەکان ڕایانگەیاندووە.

ڕێکخراوی چاودێری ئێرۆرز دەڵێت بە گشتی نزیکەی 5961 هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیماناندا کوژراون.

هاوپەیمانان لە بەیاننامەکەدا دەڵێت " هێشتا بەرپرسیارێتی هەر کردەوەیەک هەڵدەگرین کە ببێتە مایەی زیان گەیاندنێکی بەبێ مەبەست و گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی."

وتیشی " هاوپەیمانان 28198 هێرشی ئاسمانیان ئەنجام داوە، وە لەو ماوەیەدا کۆی گشتی ڕاپۆرتەکانی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی گەیشتۆتە 1790 کەس."

هێشتا هاوپەیمانان هەڵسانگاندن بۆ 695 ڕاپۆرتی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن لە هێرشە ئاسمانیەکانی عێراق و سوریادا.

هاوپەیمانان دەڵێن بەتەواوەتی هەوڵدەدەن خۆیان بەدوور بگرن لە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریا و عێراقدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG