Accessibility links

فڕۆکە ئەمەریکییەکان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بۆمباران دەکەن


بەرپرسانی ئەمەریکی وتیان فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەیان ئەنجامداوە لە پارێزگای دەیرئەلزوری سوریا دژی هێزەکانی سەر بە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد ئەوەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی ئەو هێزانە کردبوویانە سەر بنکەی سەرکردایەتی ئەو هێزانەی ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات.

بەرپرسەکان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت وتیان پێیان وانیە هیچ یەکێک لەو سەربازە ئەمەریکییانەی کە لە بنکەکە بوون لەگەڵ چەکدارە ناوخۆییەکاندا بریندار یاخوود کوژرابێتن.

هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژی ڕێکخراوی داعش وتی ئەو هێرشەی سەر بنکەی سەرکردایەتییەکە هیچ پێویستی نەکردووە.

هاوپەیمانان بوونی هێزەکانی ئەمەریکا یاخوود بەشداریکردنیان لە هێرشە تٶڵەسەندنەوەکاندا ئاشکرا نەکرد و هەروەها ئاماژەیان بە هیچ وردەکارییەک نەدا سەبارەت بەو هێزانەی هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات.

لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت " لە حەوتی مانگی دوودا هێزەکانی سەر بە ڕژێمی سوریا هێرشێکی ناپێویستیان کردۆتە سەر بنکەی سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات."

وتیشی ڕووداوەکە لە دووری هەشت کیلۆمتر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتەوە ڕوویداوە.

هەروەها وتی " هێزەکانی هاوپەیمانان کۆمەڵێک هێرشی کردۆتە سەر ئەو هێزانەی کە هێرشیان کردووە بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانان و هێزە هاوبەشەکانمان و هەروەها وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو کارە دوژمنکارییەی کە هاوبەشەکانمان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا دەکاتە ئامانج."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG