Accessibility links

بەڕێوبەری سی ئای ئەی: ڕوسیا هەوڵدەدات هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لەناوببات


بەڕێوبەری سی ئای ئەی مایک پۆمپیۆ
بەڕێوبەری سی ئای ئەی مایک پۆمپیۆ

بەڕێوبەری سی ئای ئەی وتی ڕوسیا و ئەوانی دیکە هەوڵدەدەن هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لەناوببەن، لە کاتێکدا لە مانگی یانزەدا هەڵبژاردنێکی دیکەی گرنگ ئەنجام دەدرێت و کۆمارییەکان هەوڵدەدەن پارێزگاری لە دەسەڵاتیان بەسەر کۆنگرێسدا بکەن.

دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکای ساڵی 2016 دا بۆ یارمەتیدانی سەرۆک ترامپ تاوەکو لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، ئەوەش لەڕێی هاککردنی کۆمەڵێک هەژمارەوە لە ئینتەرنێت و ناردنی ئیمەیڵی شەرمەزاری بۆ کاندیدی ئەو کاتەی دیموکراتەکان هیلاری کلینتن و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە.

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەند مایک پۆمپیۆ بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی وت دەستوەردانەکەی ڕوسیا لەمێژە هەیە و هێشتا بەردەوامە، هەروەها کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا مۆسکۆ دەیەوێت هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لەناوببات مایک پۆمپیۆ وتی " بەڵێ، بۆ دەیان ساڵە."

وتیشی "هێشتا نیگەرانم، نەک هەر لە ڕوسیا، بەڵکو لە هەوڵەکانی ئەوانی دیکە." بێ ئەوەی بچێتە وردەکارییەوە. وتیشی " دوژمنی زۆرمان هەیە کە دەیانەوێت دیموکراسی ڕۆژئاوا لەناوببەن."

جێی ئاماژەیە مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا بۆ یارمەتیدانی سەرۆک ترامپ. ئێستاش لێکۆڵەرەوەی تایبەت ڕۆبەرت مولەر لێکۆڵینەوە لەوە دەکات تا بزانێت تاوان ئەنجامدراوە یاخوود نا.

دوو ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی پێشووی ئەمەریکا مایکڵ فڵن و یاریدەدەرەکەی سەرۆک ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا جۆرج پاپادۆبۆلۆس دانیان بەوەدا ناوە کە درۆیان لەگەڵ ئێف بی ئایدا کردووە لە لێکۆڵینەوەکاندا. سەرۆک ترامپیش ڕەتی دەکاتەوە هیچ بەرکەوتنێک هەبووبێت لەنێوان ڕوسیا و کەمپینی هەڵبژاردنەکانیدا.

پۆمپیۆ بە سی ئێن ئێنی وت دەزگای هەواڵگری ناوەند ئەرکێکی گەورەی لەسەر شانە لە چوارچێوەی تیمی ئاسایشی نیشتیمانیدا بۆ هێشتنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بە پارێزراوی و دیموکراسیانە.

وتی " بەجددی کار بۆ ئەوە دەکەین. بۆیە بەرامبەر ڕوسەکان و هەر لایەنێکی دیکەدا دەوەستینەوە کە هەوڵدەدەن بگەنە ئەو مەبەستەیان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG