Accessibility links

سیناتۆرێکی ئەمەریکی بەرگری لە کۆبوونەوەکەی دەکات لەگەل وەزیری دەرەوەی ئێران لە میونشن


سیناتۆر کریس مێرفی

سیناتۆری ئەمەریکی کریس مێرفی بەرگری لە کۆبوونەوەکەی کرد لەگەل وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە میونشن لە ئەڵمانیا، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە کۆماریەکان وتیان پێدەچێت مێرفی یاسایەکی ئەمەریکای پێشێل کردبێت.

کریس مێرفی سەر بە دیموکراتەکانە و وتی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف گرنگ بووە چونکە " زۆر مەترسیدارە قسە لەگەڵ دوژمنەکەتدا نەکەیت." وتیشی ویستوویەتی زەریف ببینێت چونکە لە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران لە ساڵی 2018 ەوە هیچ کەناڵێکی دیـپلۆماسی لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا نەماوە.

وتیشی " هیچ خەیاڵاتێکم سەبارەت بە ئێران نیە، ئەوان بەرپرسن لە کوشتنی هەزاران ئەمەریکی و پشتیوانیی لە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان دەکەن لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

دوای بیستنی کۆبوونەوەکەی، سەرۆک ترامپ وتی پێدەچێت مێرفی یاسایەکی ئەمەریکای پێشێل کردبێت بە ناوی یاسای لۆگان کە ڕێگە نادات هاوڵاتیانی مەدەنی کاری دیبلۆماسی فەڕمی بکەن. یاسای لۆگان لە ساڵی 1799 دا داندراوە و تیایدا هاتووە هەر ئەمەریکیەکی ڕێگە پێنەدراو گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتێکدا بکات کە ئەو حکومەتە ناکۆکی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبێت ئەوا تاوانبار دەکرێت، تا ئێستا تەنها دوو کەس لە مێژووی ئەمەریکادا بەو یاسایە تاوانبار کراون، هەردووکیان لە سەدەی 19 دا بەڵام هیچ کامیان سزایان بەسەردا نەسەپێندرا.

سەرۆک ترامپ وتی " ئایا هیچ شتێک هەیە بیڵێم چونکە وادیارە کە پێشێلکارییە لە یاسای لۆگاندا." وتیشی " بیستووتانە سیناتۆر مێرفی لەگەڵ ئێرانییەکاندا کۆبۆتەوە؟ دەبێت بزانین چی بووە، ئەگەر ڕاست بێت، ئەوا نازانم."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG