Accessibility links

چین دەڵێت بەرپەرچی هەر جووڵەیەکی ئەمەریکا لە هۆنگ کۆنگ دەدەینەوە


چین ڕایگەیاند ئەگەر ئەمەریکا سووربێت لەسەر دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەدا و وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ یاسای ئاسایشی نیشتیمانی تایبەت بە هۆنگ کۆنگ شتێک بکات، ئەوا ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین چاو لی جیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم لێدوانەیدا. چاو وتی چین بێزاری خۆی دەربڕیوە لەسەر ئەو بەیاننامە هاوبەشەی ئەمەریکا و کەنەدا و بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیا دەریانکردووە و تیایدا ڕەخنە لە پەکین دەگرن لەسەر سەپاندنی یاسای ئاسایشی نیشتیمانی بەسەر هۆنگ کۆنگدا.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی کاریگەریت لەسەر چین هەبێت لەسەر بابەتی هۆنگ کۆنگ ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت لە وەڵامدانەوەدا و بەردەوام بێت لە گفتوگۆکردن لەگەڵ چیندا.

سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر چیندا ماس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێم وایە ڕابردوو سەلماندوویەتی کە گرنگترین شت لە سەرەتادا گفتوگۆکردنە لەگەڵ چیندا، یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لەو ڕێگەیەوە بابەت و بنەماکانی خۆی بەشێوەیەکی یەکگرتوو پێشکەش بکات، دواتر بزانین ئەم گفتوگۆیە بەرەو کوێ دەڕوات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG