Accessibility links

چین داوا لە ئەمەریکا دەکات پاشگەزبێتەوە لە فرۆشتنی چەک بە تایوان


وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە ئەمەریکا کرد پاشگەزبێتەوە لەو گرێبەستی چەکەی کە بەنیازە لەگەڵ تایواندا واژۆی بکات بە بڕی 2.2 ملیار دۆلار، وتیشی پەکین بە توندی دژایەتی ئەم هەنگاوە دەکات.

ئەمەش لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین کانگ شۆنگدا هات لە پەکین.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند تانکی ئابرامز و موشەکی ستینگەر و کەلوپەلی سەربازیی دیکە بە تایوان دەفرۆشێت.

وەزارەتی دەرەوەی چین مانگی ڕابردوو کاتێک هەواڵی ئەوەی بیست کە گوایە ئەمەریکا چەک بە تایوان دەفرۆشێت وتی زۆر نیگەرانە سەبارەت بەو گرێبەستانەی ئەمەریکا لەگەڵ تایواندا هەیەتی، هەروەها داواشی لە ئەمەریکا کرد ئەو گرێبەستانە ڕابگرێت بۆ ئەوەی زیان بە پەیوەندییەکانی دوو وڵاتەکە نەگەیەنێت.

دەزگای هاریکاری ئاسایشی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو چەکانەی تایوان لە ئەمەریکای داواکردووە 108 تانکی ئێم 1 ئی 2 تی ئابرامزی تێدایە کە لەبەرهەمهێنانی جەنەڕاڵ داینامێکسن و هەروەها داوای 250 موشەکی ستینگەری کردووە، ئەم چەکانە هاوسەنگی سەربازیی سەرەکی لە ناوچەکەدا ناگۆڕن.

سەرچاوەی سەرەکی چەکی تایوان ئەمەریکایە و چینیش تایوان بە هەرێمێکی وڵاتەکە دادەنێت کە جیابۆتەوە لە چین. لەلای خۆیەوە چین ئەگەری بەکارهێنانی هێزی لانەداوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دوورگەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG