Accessibility links

پەکین داوای ئارام گرتن دەکات دوای ئەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئامادەیە هێز بەکاربهێنێت لەدژی پیۆنگیانگ


وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ئارام بن و خۆیان بگرن دوای ئەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئامادەیە هێز بەکاربهێنێت دژی کۆریای باکوور ئەگەر هاتوو ناچار بوو بۆ وەستاندنی بەرنامە ناوەکییە موشەکییەکەی کۆریای باکوور.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین کنگ شوانگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت پەکین بەتەواوەتی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر کۆریای باکووردا دەسەپێنێت.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆریس جۆنسن وتی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکوور کارێکی خراپن و پێویستە چین فشاری زیاتر بخاتە سەر پیۆنگیانگ.

جۆنسن بە ڕادیۆی بی بی سی بەریتانی وت " ئەوەی کۆریای باکوور دەیکات کارێکی خراپە و پێشێلکردنی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە."

وتیشی ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو وڵاتەی کە پەیوەندیەکی زۆری دارایی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ کۆریای باکووردا کە چینە بەردەوام بێت لەسەر فشارەکان، لە شەش مانگی ڕابردوودا هەندێک گۆڕانکاریمان بینیوە لە هەڵوێستی چین بەرامبەر کۆریای باکوور و دەبێت ئەو گۆڕانکارییانە زیاتر ببن."

شایەنی باسە ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەگەر پێویست بکات ئەوا ئامادەیە هێز لەدژی پیۆنگیانگ بەکاربهێنێت دوای ئەوەی کۆریای باکوور موشەکێکی بالیستیکی تاقیکردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG