Accessibility links

سوپای چین ڕەخنە لە کارەکانی ئەمەریکا دەگرێت سەبارەت بە تایوان و دەریای باشووری چین


ئەفسەرێکی باڵای چینی وتی کارەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە تایوان و مانۆڕەکانی لە دەریای باشووری چین و بڵاوکردنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی لە کۆریای باشوور هەڵەن و کاریگەرییەکی نەرێنی بەجێ هێشتووە لەسەر پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و متمانەی نێوانیان.

وەزارەتی بەرگری چین ڕایگەیاند ڤان چانگ لۆنگی جێگری سەرۆکی لیژنەی سەربازیی ناوەند بە جۆزێف دانفۆردی سەرۆکی لیژنەی ئەرکانە هاوبەشەکانی ئەمەریکای وتووە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لە باشبووندایە.

وتیشی " بەڵام کارە هەڵەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە بابەتی تایوان و بڵاوکردنەوەی سیستمی موشەکی بەرگری لە دەوروبەری چین و چالاکیە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە دەریای باشووری چین و ئەرکە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا لە دەریا و ئاسمان لە نزیک چینەوە هەموو ئەمانە کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەیان هەبووە لەسەر پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و متمانەی نێوانیان."

ئەمەریکا سیستمی بەرگری موشەکی ثادی لە کۆریای باشوور بڵاوکردۆتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆریای باکوور.

چینیش دەڵێت سیستمەکە کار دەکاتە سەر ئەمنی وڵاتەکەی بەهۆی ڕادارە بەهێزەکەیەوە و هیچ سوودێکیشی نیە لە هێورکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا.

ڤان وتیشی چین ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکادا کاربکات بۆ باشکردنی هاریکارییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بابەتە هەستیارەکان بەشێوەیەکی گونجاو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG