Accessibility links

چین داوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیباندا بکەن و سزاکان لاببەن


چین فشاری خستۆتەسەر حکومەتە کاتیەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان تاوەکو مافی ئافرەتان بپارێزێت، هەروەها دووبارە داوای کردەوە سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر ئەفغانستان لاببرێن تاوەکو ئەفغانستان لە قەیرانەکان ڕزگار بکەن.

وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و ڕابەرانی تاڵیبان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ تاوتوێی ئەم بابەتەیان کرد، بەرپرسانی تاڵیبان وتیان جێگری سەرۆک وەزیر عەبدول غەنی بەرادەر و وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقی ڕابەرایەتی شاندەکەی تاڵیبانیان کردووە.

دوابەدوای کۆبوونەوەکە، چین لە بەیاننامەیەکدا لە زاری وانگەوە بڵاویکردەوە " چین هیوادارە تاڵیبان کراوەیی زیاتر پیشان بدات، سەرجەم لایەن و چینە جیاوازە نەژادییەکان لە ئەفغانستان یەکبخات تاوەکو پێکەوە بەشێوەیەکی ئاشتیانە ئەفغانستان دووبارە بونیادبنێنەوە."

وانگ جەختی لەوە کردەوە " تاڵیبان دەبێت بەشێوەیەکی کاریگەر ماف و بەرژەوەندییەکانی ئافرەتان و منداڵان بپارێزێت، هەروەها وڵاتێکی هاوچەرخ بونیاد بنێت کە لە پێشبینی و هیوای خەڵکەکە و سەردەمدا بێت."

وەزیری دەرەوەی چین داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد پشتیوانی لە ئەفغانستان بکەن لە مامەڵەیدا لەگەڵ " قەیرانە مرۆییەکان و قەیرانی دارایی و هەڕەشە تیرۆریستیەکان و قورساییەکان لە فەرمانڕەواییدا."

وانگ وتی " چین داوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا، سزاکان لاببەن، هەروەها داوا لە لایەنەکان دەکات بە شێوازێکی ماقولانە و کرداریی گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبانی ئەفغانستاندا بکەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG