Accessibility links

چین: تایوان مافی ئەوەی نیە ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان


باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئەمەریکا

ڕۆژی چوارشەممە چین جەختی لەوە کردەوە تایوان مافی ئەوەی نیە ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا داوای کرد تایوانی دیموکرات ڕۆڵێکی زیاتری هەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

پەنجا ساڵ دوای کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە چینی وەکو ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرد و تایوانی ڕەت کردەوە، ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی بەداخەوەیە تایوان بەشێوەیەکی بەرچاو لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوورخراوەتەوە.

بلینکن وتی " لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە کێشە و ئاڵۆزی بۆتەوە، گرنگە سەرجەم ئەندامان یارمەتیدەر بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە. بەو 24 ملیۆن کەسەشەوە کە لە تایوان دەژین."

وتی " بەشداریکردنێکی ماناداری تایوان لە سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کێشەیەکی سیاسیی نیە، بەڵکو کێشەیەکی کردارییە."

وتیشی " لەبەر ئەوەیە داوا لە سەرجەم ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین پشتیوانی لە بەشداریکردنێکی بەهێز و ماناداری تایوان بکەن لە سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا."

جێی ئاماژەیە چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، لە ساڵی 1949 دا دوای شکستهێنانیان لە جەنگی ناوخۆی چیندا بەرامبەر شیوعیەکان، هێزەکانی نەتەوە پەرستەکان هەڵهاتن بۆ تایوان. چینیش دەڵێت تایوان پێویستی بەوەیە لەگەڵ چیندا یەکبگرێتەوە، ئەگەر پێویست بکات دەکرێت بە هێز یەکبخرێتەوە.

وتەبیژی ئۆفیسی کاروباری تایوان لە چین ما ژاوگوانگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " تایوان مافی ئەوەی نیە ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان."

وتی " نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیە و پێکهاتووە لە وڵاتانی سەربەخۆ. تایوان بەشێکە لە چین."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا لەمێژە داوای ئەوە دەکات بەشداری بە تایوان بکرێت لە چالاکیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

بەڵام ئەم لێدوانانە دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان چین و تایوان. چین ژمارەیەکی پێوانەیی کەشتی جەنگی لەنزیک تایوان جێگیرکردووە.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئەمەریکا ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە تایوان دژی داگیرکاری چین.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG