Accessibility links

سەرۆک ئەرکانی چین: هێرشکردنە سەر تایوان دوایین بژاردەیە بۆ ڕێگریکردن لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی


یەکێک لە سەرکردە باڵا سەربازییەکانی چین وتی ئەگەر هیچ بژاردەیەک نەمێنێت ئەوا هێرش دەکەینە سەر تایوان تاوەکو ڕێگە نەدەین سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت. حکومەتێکی دیموکرات تایوان بەڕێوەدەبات و چینیش وەکو بەشێک لە خاکەکەی سەیری دەکات.

لە وتارەکەیدا لە هۆڵی گەلی مەزن لە پەکین بەبۆنەی یادی 15 ساڵەی جێبەجێکردنی یاسای دژایەتیکردنی جیابوونەوە، سەرۆک ئەرکانی هاوبەش و ئەندامی لیژنەی سەربازی ناوەندی چین لی چو چینگ دەرگای بەکار‌هێنانی هێزی دژی تایوان بە کراوەیی هێشتەوە.

یاساکە کە لە ساڵی 2005 دا جێبەجێ کرا بنەمایەکی یاسایی بۆ بەکارهێنانی هێز دژی تایوان دەدات بەچین لەحاڵەتێکدا ئەگەر تایوان لە چین جیابۆوە یاخود پلانی هەبێت بۆ جیابوونەوە، ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەوا گرژییەکی سەربازیی دەکەوێتە ناوچەی تەنگەی تایوانەوە.

لی وتی " ئەگەر هەلی یەکگرتنەوەی ئاشتیانە لەدەست بچێت، ئەوا هێزە چەکدارەکان و تەواوی گەلەکە بە دانیشتوانی تایوانیشەوە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ لەناوبردنی هەر پلانگێڕیی یاخود جوڵەیەکی جیاخوازی لە تایواندا."

وتیشی " بەڵێنی ئەوە نادەین ئەگەری بەکارهێنانی هێز بەدووربزانین و هەموو بژاردەکان لەبەردەستماندان، ئەوەش لەپێناو سەپاندنی ئارامی و کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی تەنگەی تایوانە."

لەلای خۆیەوە حکومەتی تایوان وتی گەلەکەی دیکتاتۆرییەت هەڵنابژێرێت و لەبەردەم توندوتیژیدا چۆک دانانێت.

لیژنەیەکی حکومەتی تایوان لە بەیاننامەیەکدا وتی هەڕەشەکانی پەکین بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG