Accessibility links

چین دەڵێت نابێت دەریای باشووری چین ببێتە ' شوێنی ڕاوکردن ' بۆ هێزە بیانییەکان


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ

وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت چین بە توندی دژایەتی هەر وڵاتێک دەکات کە ڕێککەوتنی دوو لایەنانە ئەنجام دەدات بۆ دەستوەردان لە دەریای باشووری چین و دروستکردنی مەترسی لەسەر بەرژەوەندی و مافە ناوچەییەکانی چیندا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە جووڵەکەی ئەمەریکا بۆ دووبارە جەخت کردنەوە لە پەیماننامە ئاسایشییەکەی لەگەڵ فیلیپیندا کە بۆ چەندین دەیە دەگەڕێتەوە، وتی " دەریای باشووری چین ماڵی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەیە، هەروەها نابێت ببێتە شوێنی ڕاوکردن بۆ هێزە دەرەکییەکان."

لە ساڵی 1951 دا ئەمەریکا و فیلیپین لەسەر پەیماننامەیەک ڕێککەوتن کە تیایدا ئەمەریکا بەرگری لە فیلیپین دەکات، لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی فیلیپین سەردانی ئەمەریکای کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆبۆوە.

ئەمەریکا جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکە کردەوە بەو پەیماننامەیەوە، ئەمەش دوای ئەوەی فیلیپین لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ناڕەزایی دەربڕیوە سەبارەت بە " دوژمنکارییەکانی چین " لە دەریای باشووری چیندا دژی هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی فیلیپین.

سەبارەت بە پەیماننامەکە، ئەمەریکا کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی لەو بارەیەوە دەرکردووە، بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، ئەمەریکا بەرپرسیارێتییەکانی لە پەیماننامەکەدا جێبەجێ دەکات ئەگەر بە تایبەتی لە دەریای باشووری چیندا هێرش بکرێتە سەر فیلیپین یاخود کەشتییەکانی هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی فیلیپین بکرێنە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG