Accessibility links

چین داوای " ‌هێورکردنەوە و گفتوگۆ " دەکات لەمیانمار


نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان چانگ جون وتی " کاتی هێورکردنەوە و گفتوگۆ هاتووە لە میانمار."، ئەمەش دوای ئەوە هات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ یەکەمین جار بەیاننامەیەکی دەرکرد و تیایدا سەرکۆنەی ئەنجومەنی سەربازی میانماری کرد.

چانگ لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێستا کاتی هێورکردنەوەیە، ئێستا کاتی دیبلۆماسیە، ئێستا کاتی گفتوگۆکردنە." هەروەها جەختی لە ڕۆڵی بونیادنەرانەی چین کردەوە لەو دانوستانانەدا کە ماوەی شەش ڕۆژە بەڕیتانیا لە ئەنجومەنەکەدا سەرپەرشتی دەکات بۆ دەرکردنی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

وتی " چین بەشێوەیەکی بونیادنەرانە بەشداری لە دانوستانەکاندا کرد، زۆر گرنگە ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە یەک دەنگ قسە بکەن."

وتیشی " هیوادارین ئەم پەیامە یارمەتی ئەنجومەنەکە بدات لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی میانمار."

نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی " کەشێکی گونجاو بۆ لایەنەکانی میانمار بڕەخسێنێت تاوەکو لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن."

وتی " ئێمە پشتیوانی لە هەوڵە سیاسی و نێوەندگرییەکان دەکەین لەلایەن هەریەک لە ئاسیان ( ڕابیتەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ) و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە."

جەختیشی لەوە کردەوە وڵاتەکەی پشتیوانی سەرجەم لایەنەکانی میانمار دەکات نەک تەنها لایەنێک.

وتیشی " سیاسەتی ڕاستگۆیی کە چین بەرامبەر میانمار پەیڕەوی دەکات سیاسەتێکە بۆ سەرجەم گەلی میانمار، چین ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکاندا بکات و ڕۆڵێکی بونیادنەرانە بگێڕێت بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشی ئێستای وڵاتەکە."

لەلای خۆیەوە نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس پێشوازی کرد لەوەی ئەنجومەنی ئاسایش توانی بەیاننامەکە دەربکات.

وتی " ئەمڕۆ ئەمەریکا و سەرجەم ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە یەک دەنگ سەرکۆنەی توندوتیژییەکانیان کرد بەرامبەر خۆپیشاندەرانی میانمار. ئێمە ئازایەتی و سووربوونیان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە دڕندانەکانی هێزەکانی ئاسایش بەرز دەنرخێنین."

وتیشی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی تاوەکو لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکات کە بەرپرس بوون لە کودەتاکە و توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەرانی میانمار."

بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی سوپای میانمار دەکات و داوای لێدەکات " دان بەخۆیدا بگرێت." هەروەها سەرکۆنەی ئەو کردەوە توندوتیژیانەی کرد کە هێزەکانی ئاسایش دژی " خۆپیشاندەران ئەنجامی دەدات، لەوانەش دژی ئافرەت و گەنج و منداڵ."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG