Accessibility links

چین دەڵێت " لایەنێک نیە " لە قەیرانەکانی ئۆکرانیادا


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ژاو لیژیان

چین دەڵێت نایەوێت ڕابکێشرێتە نێو ئەو سزا سیاسیی و ئابوورییانەی کە ڕووسیا ڕووبەڕوویان بۆتەوە و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا سەپاندوویانن بەسەر مۆسکۆدا.

دەزگای هەواڵی چین وتی وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا ئیسپانییەکەی جۆسێ مانوێل ئالبارێسدا خواستەکانی حکومەتی چینی دەربڕیوە سەبارەت بە قەیرانەکانی ئۆکرانیا.

بەپێی نوسراوی پەیوەندییە تەلەفونییەکە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی چینەوە بڵاوکراوەتەوە، وانگ بە ئالبارێسی وتووە پەکین " لایەنێک نیە لە قەیرانەکاندا و نایەوێت سزا ئابوورییەکەی سەر مۆسکۆ کاربکەنە سەر چین."

ئەم پەیوەندییە تەلەفونییە دوای ئەوە هات ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان و بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕۆما لەگەڵ ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی چین یانگ جێچیدا کۆبوونەوە.

بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هۆشداریداوەتە پەکین لەسەر ئەوەی ئەگەر هاتوو یارمەتی ڕووسیا بدات لە خۆدزینەوە لە سزاکان، ئەوا ڕووبەڕووی " دەرەنجامی توند " دەبێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان ئاماژەیان بەوەدا مۆسکۆ داوای یارمەتی سەربازیی و ئابووری لە چین کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ژاو لیژیان ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە و وتی ئەمەریکا " زانیاری ناڕاست " بڵاودەکاتەوە لەسەر ئەو هەواڵانەی کە گوایە چین بەشێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داواکانی مۆسکۆی داوەتەوە.

ژاو وتی ئەو هەواڵانە نەک تەنها پیشەگەری نین بەڵکو نابەرپرسیارانەشن."

بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەڵوێستی چین بەتەواوەتی بابەتی و بێلایەنی و بونیادنەرانەیە."

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی ئەمەریکا زۆر لەنزیکەوە چاودێری ئەوە دەکات تا چەندێک چین یاخود هەر وڵاتێکی دیکە پشتیوانی ڕووسیا دەکەن.

وتی " زۆر بەڕوونی بە چینمان وتووە چاوەڕێ ناکەین، ڕێگە نادەین هیچ وڵاتێک قەرەبووی ڕووسیا بکاتەوە لەو زیانانەی بەر ئابوورییەکەی کەوتووە."

درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە ئەمەریکا بە هاوپەیمانە ئەوروپی و ئاسیاییەکانی وتووە کە چین ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ یارمەتیدانی ڕووسیا لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا. وتیشی ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئایا چین یارمەتی ڕووسیای داوە یاخود نا، بەڵام ئاماژە بەوە دەدات ئەگەرێکی زۆر هەیە چین ئەو بابەتە ڕەت بکاتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG