Accessibility links

چین بە ڕووسیا دەڵێت هەڵوێستی " بێلایەنی " خۆی لەسەر ئۆکرانیا دەپارێزێت


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە هاوتا ڕووسیاییەکەی سێرگێی لاڤرۆڤی وت چین هەڵوێستە سەربەخۆ و بێلایەنەکەی سەبارەت بە ئۆکرانیا دەپارێزێت، لە کاتێکدا هەوڵ دەدات چارەسەرێکی سیاسیی بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی چین لێدوانەکانی وانگی بڵاوکردەوە و وتی چین " دەنگێکی بابەتیی و ژیرانە " دەبێت لە هەر کۆڕبەندێکی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتیدا و " چالاکانە هانی گفتوگۆکانی ئاشتی " دەدات.

بەیاننامەکە دوای ئەوە هات لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی چین وتی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان لە سعودیە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ قەیرانی ئۆکرانیا یارمەتیدەر بووە لە " چەسپاندنی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتیدا."

زیاتر لە 40 وڵات بە چین و ئەمەریکا و هیندستان و وڵاتانی ئەوروپاشەوە جگە لە ڕووسیا بەشدارییان لە گفتوگۆکانی جەددەی سعودیەدا کرد کە ڕۆژی یەکشەممە کۆتایی هات.

چین نوێنەری تایبەتی کاروباری یۆراسیان و باڵیۆزی پێشووی چین لە ڕووسیا لی هوی ناردبوو بۆ گفتوگۆکان، لە مانگی پێنجدا هوی سەردانی شەش وڵاتی ئەوروپای کرد، ئەوەش بە مەبەستی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بنەمایەکی هاوبەش بۆ چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ململانێکە.

پەکین تاوەکو ئێستا ڕەتی کردۆتەوە سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات لە ئۆکرانیا. هەروەها پێشنیاری پلانێکی ئاشتیشی کردووە، ڕووسیا و ئۆکرانیا وەڵامێکی گەرم و گوڕییان بۆ پلانەکە نەبوو، هاوکات ئەمەریکا و ناتۆش گومانییان لێی هەبوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG